وەزارەتی کارەبا: تاقیکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبای سلێمانی دەکرێ

09-09-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبا دەڵێ، دوو رۆژ تاقیکردنەوەی گوشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێ. گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت: "بە بەردەوامی کارەبا دەدرێتە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان."
 
رۆژی سێشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "تاقیکردنەوەی گوشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێ. ئەم تاقیکردنەوەیە ناوچەکانی ناوەوە و دەرەوەی پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە."
 
لەبارەی ئامانجی ئەم تاقیکردنەوەیە، وەزارەتی کارەبا گوتی: "رێکارێکی رۆتینییە کە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە بۆ تۆڕی کارەبا ئەنجامدەدرێ، بە مەبەستی دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە دوو رۆژی تاقیکردنەوەکە کە تێیدا هاووڵاتییان کارەبای بەردەوامیان دەبێت."
 
هەر لەو بارەوە سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەم تاقیکردنەوەیە بە مەبەستی خۆئامادەکردنە بۆ وەرزی زستان. لەم تاقیکردنەوەیەدا دوو رۆژ بە بەردەوامی کارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان، تاوەکو گوشار لەسەر کارەبا دروستبێت و هەر کێشەیەکی هەبێت، دەربکەوێ."
 
بە گوتەی سیروان محەممەد، تاقیکردنەوەکە تەنیا پارێزگای سلێمانی ناگرێتەوە، بەڵکو پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیانیش دەگرێتەوە؛ گوتیشی: "تاقیکردنەوەکە لە رۆژانی 10 و 11ـی ئەیلوول دەبێ."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە نووری عوسمان دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.