رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی نێوان شنۆ- نەغەدە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە شەوی دووشەممە لە نزیک شوێنێک بە ناوی هەورازی قەڵاتان روویداوە و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید و پیجۆ پێکیانداداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی سەختیی رووداوەکە، سێ کەس لە سەرنشینانی پراید، کە لە کوڕێکی گەنج، ژنێک و منداڵێک پێکهاتبوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
لە رووداوەکەدا شۆفێری پیجۆش بە سەختی بریندار بووە و لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ گوێزرایەوە.
رۆژی 4ی ئەیلوولی 2025، مووسا ئەدیبفەر، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-07-2025 واتە لە ماوەی چوار مانگدا، 241 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 942 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوتەی بەرپرسانی حکومەت ئێران، رووداوەکانی هاتووچۆ دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانن لەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ