رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ بۆ چوارەم جار، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەرفەتی خوێندنی کوردیی بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات رەخساندووە، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، ساڵانی رابردوو 300 بۆ 350 فێرخواز کوردییان دەخوێند، بەڵام ئەم ساڵ گەیشتووەتە 2 هەزار و 500 کەس.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ چوار ئاستمان هەیە، پێشتر سێ قۆناخ خوێندوویانە و ئەوانە دەچنە قۆناخی چوارەم. هەروەها ناونووسین بۆ قۆناخی نوێ ئەم ساڵ گەیشتووەتە 2 هەزار و 500 کەس".
ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە بە گوێرەی زاراوەکانی سۆرانی، بادینی و کورمانجی جیا دەکرێنەوە و پاشان دەکرێنە چەند گرووپێکی 50 کەسی و لە رێگەی مامۆستای تایبەتەوە بۆ ماوەی شەش مانگ بە ئۆنڵاین وانەی کوردیی دەخوێنن.
سامان سیوەیلی دەڵێت: "سێ قۆناخی خوێندنی رابردوو هەر سێ کۆرسەکە نزیکەی هەزار کەس بەشداربوون؛ ساڵێک 300 قوتابی بوون، ساڵێک 350 و قۆناخێکی دیکە 300 کەس بوون، بەڵام ئەم جارە ریکلامی زیاترمان بۆ کرد، بۆیە ئاستی بەشداربوون چەند هێندە بەرزبووەتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاند، ئەو کوردانەی لە وڵاتانی دەرەوە فۆڕمی خوێندنیان بە زمانی کوردیی پڕکردووەتەوە لە 40 وڵاتەوە بوون. گوتیشی: "داواکارانی خوێندنی کوردیی لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئوسترالیا و ئاسیان".
بۆ کوردانی دیاسپۆرا کە دەیانەوێت کوردیی فێرببن، تەمەن نەکراوەتە پێوەر. سامان سیوەلی دەڵێت، "لە قۆناخەکانی رابردوودا تەمەن 70 ساڵیش هەبووە، بەڵام زۆرینەیان تەمەن شەش بۆ 18 ساڵن".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی کوردیی دەخوێنن، لە کۆتایی قۆناخەکەدا دوای هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی فێربوونیان، بڕوانامەی وەزارەتی پەروەردەیان پێدەدرێت.
سەرەتای ئابی ئەم ساڵ وەزارەتی پەروەدە لە راگەیێندراوێکدا داوای لە کوردانی دەرەوەی وڵات کرد فۆڕمی خوێندن بە کوردیی پڕبکەنەوە و دوایین کات 01-10-2025ـی دانا، بەڵام سامان سیوەیلی گوتی: "ئەگەر کەسانێک مابن دەستیان بە لینکەکە نەگەیشتبێت ئێستاش پڕی بکەنەوە وەردەگیرێن".
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022ـەوە لە رێگەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، خزمەتگوزاری کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ کوردستانییانی دیاسپۆرا فەراهەم کراوە.
خوێندنەکە هاوشێوەی خوێندنە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و هەمان پرۆگرام دەخوێندرێت و تاوەکو پۆلی 6ـی سەرەتایی بەردەوام دەبن.
وەزارەتەکە داوا لە لە کوردستانییانی دیاسپۆرا دەکات: "وەکو ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی" منداڵەکانیان فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردیی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ