رووداو دیجیتاڵ
دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد دڵنیایی بە هاونیشتمانییان دا لەوەی لەمەودوا کێشەی ئاوی خواردنەوەیان نابێت.
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی شارەوانیی باغڵاری ئامەدی باکووری کوردستان و موختارەکانی ئەو سنوورە، دۆغان خاتوون باسی گرفتەکانی ئامەد و بەتایبەتیش کێشەی ئاوی خواردنەوەی کرد.
لەکاتێکدا ئەم ساڵ کەم ئاوی و دەستنەکەوتنی ئاوی خواردنەوە تەنگی بە چەند شارێکی تورکیا و باکووری کوردستان هەڵچنیوە، دۆغان خاتوون گوتی: "ئەم ساڵ بەهۆی کەمیی باران بارینەوە کێشەیەکی گەورە لە ئاو دروست بووە. دەبینین ئەو سەرچاوانەی ئاو وشک بوون کە هیچ ساڵێک وشک نەبوون، بەڵام ئێمە سڵمان نەکردەوە. دووەمین سیستمی پاڵاوتن و دووبارە پاککردنەوەی ئاومان دەستپێکرد. یەکەمین سیستم توانای پاککردنەوەی 1.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، دووەمین سیستمیش هەمان توانای گلدانەوەی دەبێت".
لەبارەی کاریگەریی ئەو هەنگاوە، دۆغان خاتوون گوتی: "ئەو سیستمە نیسان و ئایاری ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت. لەمەودوا کێشەی ئاوی خواردنەوەمان نابێت. ئەو سیستمە لە هەر چرکەیەکدا 400 مەتر چوارگۆشە ئاو پاک دەکاتەوە و ئەمەش یەکەمین جارە لە تورکیا سیستمێکی لەمجۆرە کاری پێ دەکرێت".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە کێشەی ئاو بە گشتی و ئاوی خواردنەوە بەرۆکی ژمارەیەک لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووە.
تەنانەت شارەوانیی چانکایا کە کۆشکی کۆماریی تورکیا دەکەوێتە سنوورەکەی، ماوەی 10 رۆژە بەدەست کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنێت. بەجۆرێک خەڵک دەڕۆنە لە سەرچاوە گشتییەکان ئاو دەبەنە ماڵەکانیان.
ئاکپارتی لەم بابەتەدا رەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت بەوەی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە بەڕێوەدەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ