ئاوەڕۆی 57 گوند دەڕژێتە نێو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە

09-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئاوەڕۆی 57 گوندی دەورووبەری بەنداوی ئازاد دەڕژێتە نێو بەنداوەکە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەیە. دەشڵێت، پێویستە بە زووترین کات کێشەی ئاوەڕۆی ئەو گوندانە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاوی خواردنەوەی شارەکە.
 
محەممەد فەرهاد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنە گوتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستیان بە زیاتر لە 580 ملیار تمەنە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنە، ئێستا ئاوی بەنداوی ئازاد کێشەی نییە و بەپێی تاقیکردنەوەکان کوالێتی ئاوەکەی باشە، بەڵام ئەگەر کێشەی ئاوەڕۆی 57 گوندەکە چارەسەر نەکرێت، مەترسی بۆ سەر کوالێتی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە دروست دەبێت.
 
محەممەد فەرهاد گوتی، پلانێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆی ئەو گوندانە ئامادە کردووە و بە پێی پلانەکە پێویستە لە قۆناخی یەکەمدا ئاوەڕۆی 25 گوند چارەسەر بکرێ. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆی ئەو 25 گوندە پێویستیان بە 255 ملیار تمەن هەیە.
 
بەنداوی ئازاد دەکەوێتە 75 کیلۆمەتری رۆژئاوای شاری سنە و لەسەر رووباری ئازاد دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 
بەنداوی ئازاد سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەیە.
 
غەریب سەجادی، قایمقامی شاری سنەش چەند رۆژ لەمەوبەر لەبارەی رژانی ئاوەڕۆی 57 گوندی ناوچەکە بۆ نێو بەنداوی ئازاد هۆشداری دابوو و رایگەیاندبوو، ئەگەر چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەکرێ لە داهاتوودا ببێتە کێشەیەکی گەورە بۆ پاک و خاوێنی ئاوی بەنداوەکە و ئاوی خواردنەوەی شاری سنە.
 
پێشتر ئاوی خواردنەوەی شاری سنە لە بەنداوی قشلاخەوە دابین دەکرا، بەڵام لەبەر تێکچوونی کوالێتی ئاوی بەنداوەکە و بەهۆی تام و بۆنی ناخۆشی ئاوەکەی، لە ساڵی 2022ـەوە ئاوی شارەکە لە بەنداوی ئازاد دابین دەکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە