رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە پیرمام کۆبوونەوە. بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، گفتوگۆیان لەبارەی گرژی و رووداوەکانی ناوچەکە و نەهامەتی و ئازارەکانی گەلی فەلەستین و چۆنیەتیی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە کردووە.
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9-11-2023، راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون، "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رۆشنایی خرایە سەر گرژی و رووداوەکانی ناوچەکە و نەهامەتی و ئازارەکانی گەلی فەلەستین و چۆنیەتیی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە و هەروەها ئەو تەحەدی و مەترسیانەی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج".
ئێوارەی ئەمڕۆ سوودانی بە سەردانێکی رانەگەیێندراو گەیشتە هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازیی لێی کرد و دواتر بەرەو پیرمام بەڕێکەوتن.
هاوکات، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی چەند پرسێک کراوە، "لە دیدارەکەدا بیروڕا و تێڕوانینەکان ئاڵوگۆڕکران و باسی پرسە گشتییەکانمان لەسەر ئاستی نیشتمانی کرد، لەگەڵ بەدواداچوونی دیارترین دۆسییەکان لە رووی جێبەجێکردن لە کارنامەی حکومەت، ئەوەش وێڕای باسکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و ئەو رووداوە کارەساتبارانەی کەرتی غەززە بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو دوژمنکارییەی زایۆنی دەیکاتە سەر رۆڵەکانی گەلی فەلەستینی".
سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتیش شەڕی ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی غەززە کرد.
دەستپێکردنى ئەو گەشتەى سوودانى دواى رۆژێک بوو لە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بەغدا و میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بڵاویکردەوە، "گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین."
دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران، ئەمە سێیەم جارە محەممەد شیاع سوودانى سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ