رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەوانەی دەنگیان پووچەڵ بووەتەوە، خۆیان بە مەبەست پووچەڵیان کردووەتەوە، ئەگەرنا 33%ـی مۆری دەنگدان لەنێو خانەی دیاریکراودا بێت، دەنگەکە هەژمار دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 98% بوو و لەسەر ئاستی عێراق 84% بوو، بەو پێیەش لە هەرێمی کوردستان 2%ـی دەنگەکان پووچەڵ بوونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان دەرکەوتووە ئەو دەنگانەی پووچەڵ بوونەتەوە، هەمووی دەنگدەران خۆیان ویستوویانە پووچەڵی بکەنەوە؛ یان لە حیزبێک زیاتریان دیاریکردووە یان حیزبێک و بەربژێرێکی سەربەخۆیان دیاریکردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی پووچەڵبوونەوەی دەنگەکە".
بە گوتەی مەروان محەممەد، ئەگەر 33%ـی مۆری دەنگدان بکەوێتە نێو خانەی دیاریکراو، ئامێرەکان دەنگەکە هەژمار دەکەن و پووچەڵ نابێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو رێژەیە کەمتر بێت، پووچەڵ دەبێتەوە.
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن، پرۆسەی هەڵبژاردنی "زۆر بە سەرکەوتوو ناو برد لە رووی ئامێر و رێکارەکان و ئامادەکارییەکانەوە" و رایگەیاند: "سێ سکاڵامان بەدەست گەیشتووە، چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی دەکەین، دواتر بۆ بەغدا دەنێردرێن و پۆلێن دەکرێن بۆ ئەوەی بزانین سکاڵاکان چ جۆرێکن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ