رووداو دیجیتاڵ
لە حەوت مانگدا زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس بە دەروازە سنوورییەکانی ورمێدا هاتووچۆیان کردووە. بەرپرسی کاروباری ترانزێت لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگاکە دەڵێت، ژمارەکە بەراورد بە هەمان کاتی پار زیادی کردووە.
هاروی مودەرس، بەرپرسی کاروباری ترانزێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماری تایبەت بە حەوت مانگی هاتووچۆی گەشتیار و زیارەتکارانی بە دەروازە سنوورییەکاندا بڵاوکردەوە.
مودەرس رایگەیاند، لە 21-03-2025ـوە تاوەکو 21-10-2025، زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس بە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەدا هاتووچۆیان کردووە.
بە گوتەی بەرپرسی کاروباری ترانزێت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی ورمێ، ژمارەکە بەراورد بە هەمان کاتی پار 2.58% زیادی کردووە.
وەک هاروی مودەرس گوتی، زۆرترین هاتووچۆ بە دەروازەی سنووریی رازیدا کراوە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 69 هەزار کەس پێیدا تێپەڕیون.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کاروباری ترانزێت لە ورمێ، دەروازەی سنووریی تەمرچین-حاجی ئۆمەران بە هاتووچۆی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، لە پلەی دووەمدا دێت.
لەو حەوت مانگەدا شەش هەزار و 835 پاس بە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێدا هاتووچۆیان کردووە. وەک هاروی مودەرس گوتی، سێ هەزار و 95ـیان بە دەروازەی تەمرچین-حاجی ئۆمەراندا بوون.
پارێزگای ورمێ 967 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی نەخجیڤانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان هەیە.
لەو پارێزگایە شەش دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ، لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ