رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی قایمقامیەتی پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "هاتووچۆکردنی خەڵک لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کراوە بە نۆرە"، گوتەبێژی دەروازەکە لە هەرێمی کوردستانەوە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "24 کاژێر دەروازەکە کراوەیە".
دوێنێ پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامیەتی پیرانشار رایگەیاند، لە "08-11-2025ـەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵخیی زۆر لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ 10 رۆژ رێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر بۆ هاتووچۆی خەڵک".
بەگوێرەی پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی پیرانشار، بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران کەم بێتەوە، "رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی بۆ هاتووچۆی ئەو کەسانە دەبێ کارتی سنوورنشینیی [کۆڵبەری] یان هەیە و رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەش بۆ گەشتیاری ئاسایی دەبێت".
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەروازەکە 24 کاژێر بەڕووی گەشتیاری و بازرگانیدا کراوەیە، نە بۆ گەشتیار و نە بۆ بازرگانی نەکراوەتە نۆرە".
سیروان حوسێن گوتی: "بەهۆی کۆڵبەرییەوە قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەبوو، رۆژی واهەبوو چوار هەزار کۆڵبەر هاتووچۆی دەکرد و دەبوو بە هۆکاری ئەوەی گەشتیاران لە نۆرەیەکی 500 کەسیدا بووەستن، ئێستا ئێران هاتووچۆکەی بۆ کۆڵبەری کردووە بە نۆرە، بەڵام بۆ گەشتیاری و بازرگانی هەموو رۆژ و کاتێک دەروازەکە کراوەیە".
بەپێی پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامیەتی پیرانشار، لەم هەفتەیەوە رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی کۆڵبەران هاتووچۆ دەکەن. ئەگەر گەشتیارێک بیەوێ لە رێگەکە دوانەکەوێ و خێرا مامەڵەکانی بەڕێبکرێت، "باشتر وایە ئەو رۆژانە بچێتە دەروازەکە هاتووچۆی کۆڵبەر قەدەخەیە کە رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەیە".
پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامیەتی پیرانشار رایگەیاندووە، 10 رۆژی دیکە بڕیاری نوێ دەدەن بۆ رێکخستنی هاتووچۆی کۆڵبەری و گەشتیاری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ