بەهۆی بارەگایەکی سەربازی، خەڵکی گوندێکی خورماتوو 7 ساڵە ناتوانن بگەڕێنەوە

09-12-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بوونی بارەگایەکی سوپای عێراق لە گوندەکەیان، هاونیشتمانییانی گوندێکی قەزای خورماتوو، زیاتر لە 7 ساڵە ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکەیان.
 
لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، ژمارەیەکی زۆر کوردی قەزای خورماتوو ئاوارە بوون، لەوانە دانیشتووانی گوندی خدر وەلی،کە 280 ماڵن، ئەوان گوندەکەیان بەتەواوی چۆڵکرد و ئاوارە بوون، تاوەکو ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە. 
 
کەریم شوکر، نوێنەری قەزای خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (9-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای رووداوکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای فەوجێکی سوپای عێراق لە گوندی خدر وەلی دروستکراوە، ئەمە گرفتی بۆ دانیشتووانەکەی دروستکردووە و بەهۆیەوە ناتوانن بگەڕێنەوە." 
 
کەریم شوکر، کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ هەوڵەکانی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو بارەگایە لە گوندەکە نەمێنێت و چۆڵی بکەن، تاوەکو خەڵکەکە بگەڕێنەوەی زێدی خۆیان.
 
کەریم شوکر باس لەوە دەکات، لەگەڵ عەلی مالیکی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین و بەرپرسانی دیکەی سەربازی و کارگێڕی، قسەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە و هەوڵەکانیان بەردەوامە.
 
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە. لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەردا بەشێکی زۆری خانووی هاونیشتمانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە سووتێندران و تەقێندرانەوە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.