دەستەی دەستپاکی: ئەم ساڵ 267 دۆسیەی گەندەڵیمان داوەتە دادگە و ژمارەیەک بەرپرسیش سزا دراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ 267 کەیسی گەندەڵییان داوەتە دادگە. راشیگەیاند، لە کۆی 1135 کەیسی گەندەڵی، ئەم ساڵ 105یان یەکلا کراونەتەوە.
 
ئەو ئامارانە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکرانەوە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیاریکراوە. دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بەم بۆنەیەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و کەسانی دیکە ئەم ساڵ بەهۆی گەندەڵییەوە سزا دراون."
 
ئەو ئامارانەی دەستەی دەستپاکی بڵاویکردنەوە، لە 01-01-2025ـەوە تاوەکو 30-11-2025 تۆمارکراون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی، "دابەشکردنی فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامان لەلایەن دەستەکەمانەوە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا 7 هەزار و 795 فۆڕمی سەرەتایی و 728 فۆڕمی کۆتایی [دابەشکراون بۆ پڕکردنەوە]."
 
دادوەر ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی، "ئەم ساڵ کۆی ئەو دۆسیانەی رەوانەی دادگەکان کراون 267 دۆسیە بوون، نزیکەی 25 دۆسیە زیاترە لە پار."
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، "کۆی ئەو دۆسیانەی ئێستا لەژێر لیكۆڵینەوەدان گەیشتووەتە هەزار و 135 و نزیکەی 70 دۆسیە لە پار زیادی کردووە."
 
دادوەر ئەحمەد ئەنوەر گوتی، "ئەم ساڵ کۆی ئەو دۆسیانەی لە دادگە یەکلایی کراونەتەوە 105 دۆسیەن، 47 ئیدانەیە و 58ـی ئیفراج؛ واتا ئەوانەی دۆسیەکەیان دەچێتە دادگە ئیدانە دەکرێ، بەڵام بەگوێرەی مادە جیاکان سزا دەدرێن، هەروەها 26 دۆسیە گەڕاونەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە، 197 دۆسیەش لە قۆناخی دادگەییدان و بەشێکیان دۆسیەی ساڵانی رابردوون."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەبارەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن بەهۆی گەندەڵییەوە سزادراون گوتی، "ئەوانەی حوکمدراون کەسانی جیاوازیان تێدایە، لە بەڕێوەبەری گشتییەوە تێیدایە بەرەو خوارەوە، بەرپرسی کۆمپانیا و سەرۆکی پێشووی زانکۆی تێدایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاوەکەی چەمچەماڵ.

یەکەم گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە لە سنووری چەمچەماڵ تۆمار کرا

لە سنووری ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی لافاوەوە دیوارێک رووخاو کەسێک گیانی لەدەستدا، لە ناحیەی ئاغجەلەریش منداڵێک ئاو بردی و دواتر رزگار کرا.