رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی لافاوەوە دیوارێک رووخاو کەسێک گیانی لەدەستدا، لە ناحیەی ئاغجەلەریش منداڵێک ئاو بردی و دواتر رزگار کرا.
ئارام نەجات، بەڕێوەبەری شارەوانیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی باران و لافاوەوە دیوارێک رووخاوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە".
سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ گوتی: "بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری مادی هەیە، دەیان ماڵ زیانی زۆری مادییان بەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس نەخنکاوە".
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان منداڵێک ئاو بردبووی مەترسی گیانلەدەستدانی هەبوو و گوترا خنکاوە، بەڵام راست نییە و تیمەکانی بەرگری شارستانی فریای کەوتن و رزگاریان کرد".
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بڕانی رێگاکانەوە هیچ تەرمێک یان بریندارێکی لافاو نەگەیێندراوەتەوە نەخۆشخانە".
فریاکەوتنی خێرای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەی هەموو نەخۆشخانەکان بچڕاون، دەگوترێت گیانلەدەستدان هەبووە و نەیانتوانیوە بگەنە نەخۆشخانەکان".
لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی سنوورەکە بەهۆی بەردەوامیی باران و لافاوەوە هێشتا مەترسیی لەسەر هاونیشتمانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ