رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کورستان بەرزبووەوە. لە هەولێر بەرمیلێک بە 190 هەزار دینارە و لە سلێمانیش بە 175 هەزار دینارە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رایگەیاندووە، ئەم ساڵ زیاتر لە 107 ملیۆن لیتری نەوتییان بەسەر زیاتر لە 500 هەزار خێزاندا دابەشکردووە.
سەید لەتیف زرار، نەوتفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە نرخی بەرمیلێک نەوت بە گەیاندنەوە گەیشتووەتە 200 هەزار دینار".
ئەو کاسبکارە گوتی: "بە کۆ بەرمیلێک نەوت بە 190 هەزار دینارە، ئێمەش بەگوێرەی گەڕەکەکان بۆ گەیاندنی بەرمیلێک نەوت 10 بۆ 15 هەزار دینار وەردەگرین، بەمەش بەرمیلێک نەوت بە 200 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان".
لە سلێمانی نرخی نەوت هەرزانترە، عەلی فوئاد، نەوتفرۆش لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت بە 175 هەزار دینارە".
بە گوتەی ئەو کاسبکارە، هەفتەی رابردوو پێش ئەم شەپۆلەی بارانبارین بەرمیلێک بە 165 هەزار دینار بووە.
ئەم ساڵ پێش هاتنی پاییز، بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بە 107 هەزار دینار بوو.
سامانە سرووشتییەکان: 537 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنی نەوت، رۆژی 07-12-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕی ئەو نەوتەی راگەیاند، کە ئەم ساڵ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشیان کردووە.
بڕی ئەو نەوتەی دابەشکراوە بەمشێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر: 28 ملیۆن و 260 هەزار و 876 لیتر دابەش کراوە بەسەر 208 هەزار و 460 خێزاندا.
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 46 ملیۆن و 228 هەزار لیتر دابەشکراوە بەسەر 257 هەزار و 605 خێزان.
پارێزگای دهۆک: 12 ملیۆن و 186 هەزار و 200 لیتر دابەشکراوە بەسەر 71 هەزار و 170 خێزاندا.
دابەشکردن تاوەکو ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان بووە و بەگوێرەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت بۆ رووداو، دوای تەواوبوونی دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکان، نەوت بە هەمان نرخ لە سەنتەری شارەکان دابەش دەکرێت.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات، بەرمیلی بە 105 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ