رێگەی کەرکووک - بەغدا کرایەوە

دوێنێ کاژێر 07:50
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

رێگەی کەرکووک - بەغدا کرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ چەند کاژێرێک بەهۆی لافاوەوە داخرا.
 
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 9-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای چەند کاژێرێک گرتنی رێگەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستیی ئاو، بەتایبەتی لە پردی داقووق - دووڕیانی حەفتەغار، ئێستا رێگەی کەرکووک - بەغدا لە دیوی پردی داقووق کراوەتەوە و هاتووچۆ ئۆتۆمبێل دەستی پێکردووەتەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک گوتی، ئێستا رێگاکەکراوەتەوە و هاتووچۆ دەکرێ،بەڵام بەهۆی بارانەوە نازانرێ کردنەوەی رێگەکە بەردەوام دەبێت یان نا. 
 
لافاو لە سنووری کەرکووک زیانی هەبوو. 
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە سنووری ناحیەی لەیلانی پارێزگاکە، قوتابییەکی تەمەن 9 ساڵ گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە گوندەکانی فەرقان و باوە لە سنووری ناحیەی لەیلان، بەهۆی بوونی سێ چەمەوە ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و رێگەی هاتووچۆ لە نزیک گوندی باوە داخرا. 
 
هاووڵاتییە مردووەکە ناوی بەیار عیسایە و قوتابی پۆلی سێی بنەڕەتی بوو، لەکاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە لە گوندی فەرقان کەوتبووە نێو ئاو و گیانی لەدەستدا.
 
گەنجێکی خەڵکی گوندی "تەپەلو"ش لە هەمان سنوور گوتی، لافاوەکە لە نیوەڕۆوە دروستبوو و زیانی بە ژمارەیەک حەوزی ماسی، پەلەوەرخانە و کەرەستەی کشتوکاڵی گەیاند.
 
سەبارەت بە دۆخی هاونیشتمانییان، پەیامنێری رووداو ئێوارەی ئەمڕۆ گوتی، زیاتر لە 100 مامۆستا و کارمەندی تەندروستی کە خەڵکی ناحیەی لەیلان و کەرکووکن، گیریان خواردووە. 
 
کەسوکاری یەکێک لەوانەی گیریان خواردووە باسی لەوە کرد کە لە بەیانییەوە بڕیار بووە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەهایانەوە بچن، بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ کردن، نەگەیشتبوون.
 
موختاری گوندی "خڕبڵاخ"یش رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە دانیشتووانی زیاتر لە 20 گوند گیریان خوارد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە