رووداو دیجیتاڵ
ئەو پزیشکەی ئەم ساڵ هاوژینەکەی، خەسوو، خەزوور و خوشکی هاوژینەکەی کوشت، لە دادگەی تاوانی هەولێر بە لە سێدارەدان و دووجار زیندانیکردنی تاهەتایی حوکمدرا.
برزۆ سەعید، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دادوەر بڕیاری لەسەر دۆسیەی دکتۆر سیروان مەحموود دا، کە تۆمەتبار بوو بە کوشتنی هاوژینەکەی و ماڵباتی هاوژینەکەی".
ئەو پارێزەرە کە ئاگاداری دانیشتنی دادگەکەیە دەڵێت: "دکتۆر سیروان لەسەر کوشتنی هاوژینەکەی حوکمێکی هەتاهەتایی درا، لەسەر کوشتنی خوشکی خێزانەکەی حوکمێکی دیکەی هەتاهەتایی، لەسەر کوشتنی خەزوور و خەسووی و بریندارکردنی منداڵێک سزای لە سێدارەی بەسەردا سەپێندرا".
لە تاوانێکدا کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، 13ـی ئاداری ئەم ساڵ، دکتۆر سیروان مەحموود، بە چەک هەریەکە لە هاوژینەکەی، خوشکی هاوژینی و خەسوو و خەزووری لە ماڵەکەیاندا لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر کوشتن، رۆژی دواتر ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژەکەی راگەیاند. بڕیاری ئەمڕۆی دادگەی هەولێر، لەسەر بنەمای چەند دانیشتنێکی پێشووی دادگەکە بووە لەسەر هەمان دۆسیە.
ئاسایش هەولێر دوای دەستگیرکردنی دکتۆر سیروان مەحموود، هۆکاری تاوانەکەی گێڕایەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ