رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی سووریا بڵاویانکردەوە، بە ژمارەیەک رۆکێت کە سەرچاوەکەیان نەزانراوە، دەوروبەرى فرۆکەخانەى مەزەی دیمەشق کراوەتە ئامانج.
ئاژانسی سانای فەرمیی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە: "دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەزە لە دیمەشق بە سێ رۆکێت کراوەتە ئامانج کە سەرچاوەکەیان نەزانراوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان مادی لێبکەوێتەوە."
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی پێشتر هەواڵی بیستنی دەنگی تەقینەوە لە ناوچەکە بڵاوبووەوە، لایەنی پەیوەندیدار "دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکە."
میدیایەکی دیکەی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە: "4 سەکۆی هەڵدانی رۆکێت دۆزراوەتەوە"، بێ ئەوەی شوێنی وردی سەکۆکان دیاری بکات.
ئەمە دووەمین هێرشى رۆکێتییە بۆسەر ناوچەى مەزەى دیمەشق. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر خانوویەک لە هەمان ناوچە بە دوو رۆکێت کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی بریندار بوون.
لە شوێنى هێرشەکەى پێشووتریش، سەکۆی هەڵدانی رۆکێت دۆزرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ