ئاکپارتی: هەڵبژاردنی تورکمانێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بڕیارێکی مێژووییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەرێکی سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، پێشوازی لە هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن و دەڵێت: "دوای نزیکەی 100 ساڵ پارێزگارێکی تورکمان بۆ شارەکە هەڵبژێردرا، ئەمەش بڕیارێکی مێژووییە."
 
کورشاد زۆرلو، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی، رۆژی پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، راگەیێندراوێکی سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکانی کەرکووک بڵاوکردەوە و خۆشحاڵیی خۆی بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەربڕی.
 
زۆرلو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی کەرکووک دا و گوتی: "وەک چۆن سەرۆککۆمارمان رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت کەرکووک نیشتمانی تورکمانەکانە و بۆ سەدان ساڵە شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کولتوورە جیاوازەکانە. گەورەترین هیوای ئێمە کەرکووکێکە کە تێیدا ماف و بوونی برا تورکمانەکانمان پارێزراو بێت و دادپەروەری تێیدا باڵادەست بێت."
 
زۆرلو وێڕای پیرۆزبایی لە محەممەد سەمعان ئاغا، هیوای خواست ئەم سەردەمە نوێیە ببێتە هەوێنی ئارامی و سەقامگیری و بەهێزکردنی کولتووری پێکەوەژیان لە شارەکەدا.
 
رۆژی پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و محەممەد سەمعان بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێ دەستنیشانکرا. ئەمەش دوای ئەوەی ڕێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە. 
 
محەممەد سەمعان، لە یەکەم لێدوانیدا دوای هەڵبژاردنی وەک پارێزگار، رایگەیاند: "کۆتاییمان بە حەسرەتێکی 100 ساڵە هێنا و ئێستا تورکمانێک لە پۆستی پارێزگاری کەرکووکدایە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد سەمعان [لای راست] و فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە.

مەهەپە: هەڵبژاردنی تورکمانێک بە پارێزگاری کەرکووک وەرچەرخانێکی مێژووییە

یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) رایگەیاند، هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق بە پارێزگاری کەرکووک "وەرچەرخانێکی مێژووییە."