رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی بەئامانجگرتنی کەرتی وزە لەنێوان ساڵانی (2018-2025) بڵاوکردەوە و تێیدا پەرەسەندنی مەترسیداری هێرشەکان لە بەکارهێنانی کاتیۆشاوە بۆ مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەخاتەڕوو.
رۆژی سێشەممە (9ی کانوونی یەکەمی 2025)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بە ناونیشانی (بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان (2018-2025)؛ داتا و لێکەوتە ئابوورییەکان) بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر زیانە مادی و مرۆییەکان و ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی ئاسایشی وزە و ژینگەی وەبەرهێنان بوونەتەوە.
لە بێزارکردنەوە بۆ لێدانی ستراتیژی
بە گوێرەی راپۆرتەکە، هێرشەکان بەسەر چوار قۆناخدا دابەش دەبن. لە قۆناخی یەکەمدا (2018-2021) هێرشەکان تەنیا بۆ بێزارکردن بوون لە رێگەی کاتیۆشاوە بۆ دەوروبەری کێڵگەکان بەبێ زیانی گەورە.
بەڵام ساڵی 2022 وەک خاڵی وەرچەرخان دیاری کراوە، کاتێک بە مووشەکی بالیستی ماڵی وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە کرایە ئامانج، لەوانە 13ی ئاداری 2022 بۆردوومانکردنی ماڵی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کار و دواتر لە نیسان و ئایاری 2022 بەئامانجگرتنی پاڵاوگەی "کەڵەک" بە مووشەکی گراد و درۆن کە لە ناوچە نزیکەکانی دەشتی نەینەواوە هەڵدرابوون و زیانیان بە کۆگاکانی سووتەمەنی گەیاند.
قوربانییانی مەدەنی و پەکخستنی ژیان
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، قۆناخی سێیەم (2023-2024) مەترسیدارتر بووە و راستەوخۆ ژیانی خەڵکی کردووەتە ئامانج، دیارترین رووداویش بۆردوومانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، خاوەنی گرووپی فالکۆن بوو لە 15ی کانوونی دووەمی 2024 کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی ( لەنێویاندا کچە ساواکەی) و میوانە سیڤیلییەکان؛ هەروەها لە 26ی نیسانی هەمان ساڵدا، بۆ یەکەمجار بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و 4 کارمەندی بیانی گیانیان لەدەستدا و کارەکانی بەکاتی راگیران.
2025: ساڵی هێرشە چڕەکان و تاریکی
سەبارەت بە ساڵی 2025، حکومەت ئاشکرای دەکات کە ئامانجەکە گۆڕا بۆ "پەکخستنی تەواوەتی" کەرتی کارەبا و نەوت، بەجۆرێک لە مانگی تەممووزدا بە "پۆلە-درۆن" هێرش کراوەتە سەر 5 کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە، سەرسەنگ، پێشخابوور، تاوکی و شێخان) و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا پەکخرا.
دوایین هێرشیش لە 26ی تشرینی دووەمی 2025 بۆ سەر کۆگای گازی شلی ماڵان (LPG) لە کۆرمۆر، کاریگەریی وێرانکەری هەبووە.
زیانەکان بە کەرتی کارەبا
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی حکومەت بڵاویکردووەتەوە، کاریگەریی هێرشەکانی کۆتایی تشرینی دووەم لەسەر کەرتی کارەبا بەم شێوەیە بوو:
- بەرهەمهێنانی کارەبا: لە (4200) مێگاواتەوە دابەزی بۆ کەمتر لە (1000) مێگاوات.
- بەرهەمهێنانی گاز: لە (750) ملیۆن پێ سێجاوە بۆ (سفر) دابەزی.
- کاژێرەکانی کارەبا: لە (18 بۆ 24) کاتژێرەوە بووە پچڕانی تەواوەتی لە زۆربەی ناوچەکان.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ئەم هێرشانە نەک تەنیا هەرێمی کوردستانیان خستە تاریکییەکی تەواوەوە، بەڵکو بوونە هۆی وەستانی هەناردەی وزە بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراقیش.
خشتەی دیارترین رووداو و کاریگەرییەکان 2022 – 2025
- لە 13ی ئاداری 2022 بە مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانەو هێرشکرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوون کە بووەهۆی وێرابوونی شوێنێکی سڤیلی تایبەت.
- لە یەکی ئایاری 2022 بە مووشەکی گراد هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی کەڵەک لە دەشتی نەینەوا، ئاگر لە کۆگاکە کەوتەوە و زیانی بە بەرهەمهێنان دا.
- لە 15ی کانوونی دووەمی 2024، بە مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هێرش کرایە سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون، زیانی گیانی هەبوو( وەبەرهێنەران و خەڵکی سڤیل)
- لە 26ی نیسانی 2024، بە درۆن لە سنووری خوورماتوو هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، لە ئەنجامدا چوار کارمەندی تەکنیکی کوژران و کارکردن راگیرا.
- لە 26ی تشرینی دووەمی 2025 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بووەهۆی تەقاندنەوەی کۆگای گازی ئێڵ پی جی و لەدەستدانی سێ هەزار مێگاوات کارەبا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ