رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، بەشێکی شاخێک لە سنووری شارۆچکەی قەسرێ هاتوەتە خوارەوە و خانوویەکیش لە سیدەکان رووخاوە و پێنج تاشەبەردیش لە رێگەی هامڵتۆن و بێخاڵ کەوتوونەتە خوارەوە.
رۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند تاشەبەردێک لە سنووری ناحیەی قەسرێ کەوتوونەتە خوارەوە و بەسەر ماڵێکدا کەوتوون. خانووەکە هێشتا تەواو نەبووە و هیچ کەسێکی تێدا نەژیاوە و هەربۆیەش تەنیا زیانی مادی هەبووە."
کاروان میراودەلی گوتی: "هەموو تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران تاوەکو رۆژی پێنجشەممە لە ئامادەییدا دەبن. هۆشداری لە لایەن کەشناسانەوە بۆ ئەمشەویش هەیە و هەربۆیە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە."
بە گوتەی کاروان میراودەلی، لە قەزای سیدەکانیش ماڵێک چۆڵکراوە، چونکە دیواری ماڵەکە رووخاوە و مەترسی لەسەرە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "مەترسی لە رێگەی هامڵتۆن، گەلیی عەلی بەگ و بێخاڵ هەیە. ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، پێویست ناکات هاونیشتمانییان ئەو رێگەیانە بەکاربێنن، چونکە 5 تاشەبەرد کەوتوونەتە خوارەوە کە سێیان لە بێخاڵ بوون."
لە ئەنجامی بارانبارین، لافاو و کاریگەرییەکانیان، دوو کەس لە سنووری چەمچەماڵ و کەسێکیش لە سنووری کەرکووک گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ