زیانەکانی لافاو و چیرۆکی قوربانییان؛ 'بەیار ئەرکی قوتابخانەشی تەواوکردبوو'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زیانی لافاو و باران و هەورەبرووسکە لە باشووری کوردستان بەرزتربووەوە، تاوەکو ئێستا 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 9 ساڵانە، 12 کەس تەنیا لە چەمچەماڵ برینداربوون، رەمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ:" نزیکەی 500 ماڵزیانیان بەرکەوتووە ."، باوکی ئەو منداڵەشی لە لەیلان خنکا بە رووداوی راگەیاند:" بردم بۆ قوتابخانە و نیوەڕۆ هێنامەوە، نانی خوارد و نووسینەکانی کرد،لەسەر چەمێك لەنزیک ماڵمان خنکا.'' 
 
چەمچەماڵ؛زۆرترین زیانی و ناردنی هاوکاری 

 

 قەزای چەمچەماڵ کە بە دووری 66 کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانی هەڵکەوتووە، زۆرترین زیانی لەو لافاوەدا بەرکەوت، بەهۆی لافاوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، رەمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ  لەبارەی زیانەکانی لافاوەکە بە رووداوی راگەیاند:" دوو هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستدا، تووشی رووداوی نەخوازراوبووین، تاوەکو ئێستا 12 کەسیش برینداربوون، بەڵام هەموو برینداران سەلامەتن''.
 
جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددی زۆریش بەر خەڵک کەوت، رەمک رەمەزان لەبارەی زیانی ماددی خەڵک دەڵێت:" زەرەر و زیانی بێ شومار بە خەڵک کەوت، تەنیا لە چەمچەماڵ زیان بەر 500 ماڵ کەوتووە، ئەوە جگە لە نێو بازاڕ و فەرمانگە حکومییەکانی وەکو تاپۆ و پاسپۆرت و رۆشنبیری و قایمقاییەت و پەروەردە.'' 
 
 
چەمچەماڵ بۆ پاککردنەوەی شارەکە و هاوکاری خەڵك ئامێری دەوێت، قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت :" پێویستمان بە تیم نییە بەڵکو ئامێرمان دەوێت، 7 ئامێر لە کەرکووک گەیشتووە .'' 

 

لەبارەی ئەو دووکان و شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە، رەمک رەمەزان لەبەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند:" زیاتر لە 100 دووکان زەرەریان بەرکەوت،پێنج فەرمانگەی حکومیش زیانیان بەرکەوتووە.'' 
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە رووماڵەکانی دا دیمەنی چەندین ماڵ و شوێنی پێشاندا کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، جگە لەو 500 ماڵەی زیانیان بەرکەوتووە، 100 کۆگا و مارکێتیش زەرەرمەند بوون.
پەیامنێری رووداو لە چەمچەماڵ رایگەیاند:" کۆگایەکی پڕ خۆراک  کە چەند ئۆتۆمبێلێکی تێدایە ژێرئاو کەوتووە .''
 
میکائیل خاوەنی کۆگاکەیە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا راگەیاند:" نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار زیانم بەرکەوتووە، جگە لە خۆراک و کەلوپەل، دوو سێ ئۆتۆمبێل تێیدا نوقم بوون."

 

کۆگاکە 6 مەتر لەژێر زەوییە،ئاو دایپۆشیوە،خەڵک ئەوانەی هاتبوون بۆ هاوکاری میکائیل بە ترۆمپا ئاویان لە ژێرزەوییەکە دەردەکرد، خاوەنەکەی دەڵێت :" ئەشیایەکی زۆری تێدایە، نزیکەی بایی 150 هەزار دۆلار بەس چای تێدایە .''
 
لەبارەی هۆکاری لافاوەکە، ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت:" راستە کارەساتەکە سرووشتییە، بەڵام دەستی ئەنقەستیشی تێدایە، لە بانی مەقان هەموو کراوە بە ڤێلا و هەموو رێگە سەرەکییەکان بڕاوە،بۆیە ئاوەکە هاتووەتە ئەو شوێنانە، رێگەی تێپەڕبوونی ئاو گیراوە.''
 
قایمقامی چەمچەما: لەبارەی قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەڵێت:"  ئێمە داتای ورد و درشتمان لەبەردەست نییە، چاوەڕێ دەکەین بەڕێوەبەرانی ناحیەکان لە گوندەکانیشەوە راپۆرتمان بدەنێ لەبارەی زیانەکان.''
 
دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پەیامی هاوخەمیان بۆ شارەکە نارد .
 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەم دۆخە نەخوازراوەدا، پشتيوانيى ته‌واومان بۆ خه‌ڵكى خۆشه‌ويستى چه‌مچه‌ماڵ و زيانلێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌ دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌. لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاسپێردراون كه‌ به‌ هاناى لێقه‌وماوانه‌وه‌ بچن و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ پاراستنى گيان و ماڵى هاووڵاتيان و پێشكه‌شكردنى هاوكاريى پێويست، بده‌ن." 
 
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی خۆجێییم ڕاسپاردووە کە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هەر هاوکاری و یارمەتییەک پێویست بێت، پێشکەشیان بکەن." 
 
هەروەها قایمقامی چەمچەمال رایگەیاند:" قوباد تاڵەبانی پەیوەندی کردووە و هەموو پشتیوانیەکی بۆ چەمچەماڵ دەربڕیوە.''
 
هاوکات سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی لافاوەکەی چەمچەماڵ رایگەیاند" دەستبەجێ  لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ پشتیوانی ئەوانەی پێویستیانە،لەگەڵ خێراکردنی پرۆسەی هاوکاری و پاراستنی هاووڵاتیان.'' 
 
چیرۆکی بەیار عیسا؛ 'ئەرکی قوتابخانەشی جێبەجێکردبوو'

 

بەیار عیسا تەمەنی 7 ساڵ بوو، لە گوندی فەرقانی شارۆچکەی لەیلان، لە نزیک  ماڵەکەیان کەوتە نێو چەمێکەوە و خنکا .
 
عیسا باوکی بەیار بە هەردی محەممەد پەیامنێری رووداوی راگەیاند:" بەیانی بردم بۆ قوتابخانە و نیوەڕۆ هێنامەوە، نانی خوارد و نووسینەکانی کرد،لەگەڵ دوو برای دیکەی گوتی دەچین سەیری چەمەکە دەکەین، ئاوەکەی نیشتبووەوە،یەکسەر چوومە سەربان بینیم دوو براکەی دیارە و خوشکیان دیار نییە، لە براکانی جیابووەوە، نازانم پێی خلیسکابوو چی بوو، دواتر برایەکم و خاڵۆزایەکم بە دووری چوار کیلۆمەتر تەرمەکەیان دۆزییەوە .''

 

 
جگە لە بەیار لە ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی عومەر سەعید، تەمەن 72 ساڵان، بۆکان بەشارەت شەریف، تەمەن 22 ساڵان کە خاوەن پێداویستی تایبەت بوو گیانیان لەدەستدا 

 

کوڕێکی عومەر سەعیدبە رووداوی راگەیاند:" باوکم لەبەر باران و لافاو خۆی دابووە پاڵ دیوارێک ،دیوارەکە رووخاوە و گیانی لەدەستدا .''

 

هەروەها دراوسێیەکی بۆکان بەشارەت فریای ئەو ماڵە کەوتووە، ئەو بەرووداوی راگەیاند:" ئاوەکە لە کتوپڕێکدا هات،لەماوەی 10 بۆ 15 خولەک، تاوەکو ئۆتۆمبێلەکەم دەربێنم، دواتر منداڵ رایانکردە سەربان، خەمی دراوسێکەمانم بوو، ژنێک و کچێکی ماڵەکەم دەرهێنا،بەڵام نەمزانی ئەو لەماڵ ماوە،دووجار ویستم بێم ئاوەکە رێگەی نەدا،دواتر کە ئاوەکە نیشتەوە چوومە ماڵەکە بینیم خنکاوە، خێزانی کاک بەشارەت و کچێکیم رزگارکرد، بەڵام نەمزانی ئەو لە ماڵەوە بەجێماوە.''
 
پشووەکان؛ لە سلێمانی پشوو و لە هەولێر و دهۆک دەوام ئاساییە 

 

پەروەردەی گشتی سلێمانی، هەروەها زانکۆکانی هەڵەبجە و سلێمانی، پەروەردەکانی شارباژێر و سەیدسادق و پێنجوێن بەهۆی باران بارین و لافاو رۆژی چوارشەممەیان بۆ قوتابییان و فەرمانبەرانی پەروەردە هەروەها خوێندکارانی زانکۆ کردە پشوو.
 
پەروەردەی گشتی سلێمانی لەوبارەوە رایگەیاند:" لەسەر داواو داخوازی کەسوکاری خوێندکاران، دوای ڕاوێژ لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری سلێمانی، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە بڕیارماندا سبەی چوار شەممە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەوام رابگیرێت.''
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند: " چوارشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەوام نابێ."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەڵەبجەش رایگەیاند: " چوارشەممە، لە دیوانی پەروەردەی هەڵەبجە و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن (باخچە و قوتابخانە و خوێندنگەکانی حکومی و ناحکومی) پشووی فەرمییە."
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: " لە سەرجەم دامودەزگاکان پشووی فەرمییە، جگە لەو دامودەزگایانەی ئێشکگریی بەردەوامیان هەیە."
بۆ خوێندنی باڵاش ، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "دەسەڵاتمان داوەتە سەرجەم زانکۆکان کە بۆ سەلامەتیی خوێندکاران، ئەگەر پێویست بوو، دەتوانن پشوو رابگەیێنن."
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکیش بە رووداوی راگەیاند: "هەموو تیمەکانمان بۆ 24 کاژێر لە ئامادەباییدان، لە پارێزگای دهۆک هیچ دۆخێکی نەخوازراو رووینەداوە و هەموو شتێک ئاساییە."
هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند:" هیچ هۆکارێک نییە بکرێتە پشوو،دەوام لەسەرجەم فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن ئاساییە .''
 
دۆخی کەش و هەوا و هۆشدارییەکان؛' نمەباران بەردەوام دەبێ'

 

ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریدەدات:"بەگوێرەی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزانی هەرێم(ـی کوردستان) مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لە سەنتەری سلێمانی،هەڵەبجە، سەنگاو، مەیدان، قەرەداخ، بازیان،دەربەندیخان، قادرکەرەم، سەیدسادق و خانەقین.''
بە گوێرەی راگەیێنراوی ئەو ژوورە، پێشبینی دەکرێت شەوی سێشەممە باران بارین بەردەوام بێ، لە هەندێک ناوچە نمە باران و هەندێکی دیکەش بە لێزمە دەبارێت.
 
لە هەولێر پێشبینی باران بارین بە درێژایی شەو لەنێوان 5 بۆ 10 ملم دەبێ و لە رۆژهەڵاتی هەولێر کە دەکاتە کۆیە و دەوروبەری ئەگەری تەم هەیە و بڕی باران بارین زیاترە.
 لە سلێمانی لەنێوان 35 بۆ 55 ملم باران دەبارێت، بارانەکە بەلێزمە دەبێ و هەورە تریشقەی لەگەڵە لەگەڵ مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو .
 
لە دهۆک تەنیا نمە باران دەبێ و بڕی باران بارین لەنێوان 2 بۆ 5 ملم دەبێ.
 
 کەرکووکیش بە هەمان شێوە نمە باران دەبێ بەڵام پارێزگای کەرکووک، هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی دانیشتووانی گوندەکانی سەر هەردوو دیوی زێی بچووک دەکات و داوایان لێدەکات بەهۆی مەترسیی دروستبوونی لافاو، دەستبەجێ لە کەنارەکانی رووبارەکە دووربکەونەوە.
 
بە هەمان شێوە لە گەرمیان :" پێشبینیی بارانبارین بە بڕی 50 بۆ 60 ملیمەتر دەکرێت. کاریگەریی شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و زۆربەی کاتەکان بارانی بەلێزمە و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.''
لە هەڵەبجەش 30 بۆ 40 ملمەتر باران دەبارێ و بە لێزمە دەبێ ، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، لە ئیدارەکانی راپەڕین و زاخۆش بەهەمان شێوە باران بارین بەردەوام دەبێ.

 

سەرەڕای ئەو لافاوەی دروست بوو،بەڵام ئاویش لە بەنداوەکان کۆدەکرێنەوە، نزیکەی 22 بەنداو لە هەرێمی کوردستان ئاویان تێدا کۆدەکرێتەوە،شەپۆلی باران بارین وای کردووە ئاستی ئاو بەرزبوووەتەوە.

 

رەحمان خانی ،بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند:" زۆربەی بەنداوەکانمان لە گەرمیان و سلێمانی سەرڕێژ بوون، هەروەها بەنداوێکمان لە کۆیە سەرڕێژ بووە، جگە لەوەی بەنداوی دووکان و دەربەندیخان بەدەیان مەتر سێ جا ئاویان تێدا کۆکراوەتەوە .''
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە