کەشناسی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە سلێمانی و گەرمیان دەدات

31 خولەک له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە کاریگەریی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ئەمشەو و سبەی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و لە هەندێک ناوچەش مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای هەولێر بە گشتی بۆ ئەم شەو کەش هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران و بارانی مامناوەند، بڕی دابارین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر (کۆیە و دەوروبەری) زیاتر دەبێ. سبەی ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ نمەباران و لە درەنگانی شەویش ئەگەری تەم هەیە."
 
پێشبینیی بڕی بارانبارین بۆ ئەم شەو
 
سەنتەری هەولێر: 5-10 ملم
ئیدارەی سۆران: 2-5 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 2-5 ملم
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە کەرکووک و ئیدارەی راپەڕین، کاریگەریی شەپۆلەکە بۆ ئەمشەو بەهێز دەبێت و "بارانبارین لە زۆربەی کاتەکان لێزمەباران دەبێ و هەندێک کات هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت، بەوهۆیەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سبەی چوارشەممە، لەو ناوچانە "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانی مامناوەند، بەڵام لە شەودا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و ئەگەری دروستبوونی تەمێکی سووک هەیە."
 
پێشبینیی بڕی بارانبارین بۆ ئەم شەو
سەنتەری سلێمانی: 35-55 ملم
ئیدارەی راپەڕین: 10-15 ملم
سەنتەری کەرکووک: 2-5 ملم
ئیدارەی گەرمیان: 50-60 ملم
سەنتەری هەڵەبجە: 30-40 ملم
 
دۆخی دهۆک و زاخۆ جیاواز دەبێت
 
بەپێچەوانەی سلێمانی و گەرمیان، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ و سبەی لەو سنوورانە ئاستی بارانبارین کەم دەبێت و بڕی بارانی پێشبینیکراو بۆ ئەمشەو تەنیا (2 بۆ 5) ملم دەبێت."
 
سەبارەت بە سبەی چوارشەممە، لە دهۆک و زاخۆ، ئاسمان هەوری تەواو و نیمچەهەور دەبێت، کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت و تەنیا لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو نیوەڕۆ ئەگەری نمەباران هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە