UNDP: هەولێر لە گەشەپێدانى مرۆیی یەکەمە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى راپۆرتى هاوبەشى نێوان (UNDP) وەزارەتى پلاندانانى عێراق، لە پێنوێنى گەشەپێدانى مرۆیی هەولێر یەکەم و سلێمانی سێیەمە لەسەر ئاستى عێراق. هەروەها رێژەى پەیوەندیکردن بە خوێندنەوە 93.3%یە و 16%ى ئەوانەى ناخوێنن لە خێزانە هەژارەکانن. 
 
ئەو راپۆرتە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق و پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) ئامادەکراوە و رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکرایەوە.
 
پێنوێن و بەهای گەشەپێدانی مرۆیی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆرترین بووە، کە 0.751 پلە بووە، کەرکووک لە ریزبەندی دووەم بووە بە 0.738 و سلێمانی سێیەم بووە بە 0.737 پلە.
 
راپۆرتەکە رێژەی بێکاریی ئێستای بەراورد کردووە بە ساڵی 2021 کە ئەو کات 16.5% بووە و بەشێوەیەک بێکاری لەنێو پیاوان 14.7% و لەنێو ژنان 28.2% بووە، بەڵام ئێستا رێژەی بێکاری کەم بووەتەوە بۆ 13.5%.
 
پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، رووپێوییەکەیان بۆ ئەو راپۆرتە لە 15 پارێزگای عێراق و سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانی بە جیا کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2030 ژمارەی دانیشتووانی عێراق 50 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت، لەکاتێکدا بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی، کە پار کرا، ژمارەی دانیشتووان 45 ملیۆن کەس بووە، راپۆرتەکە رێژەی گەشەی دانیشتووانی بە 2.7% دیاریکردووە لەکاتێکدا پێشتر زیاتر بووە لە 3%. 
 
بەراوردکردن بە ئامارەکانی پێشوو لەماوەی 100 ساڵدا، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە گوندنشین لە عێراق کەم دەکات و روو لە شارەکان دەکەن، پێنوێنی راپۆرتەکە دەریخستووە، کەمبوونەوەی گوندنشینان لە سەدەیەکدا لە عێراق 60 پلە دابەزیوە و بەهەمان پلە شارنشین بەرز بووەتەوە، راپۆرتەکە ئەو گۆڕانکارییەی بۆ جەنگ، ململانێی چەکداری، گۆڕانی کەشوهەوا و دیموگرافی گەڕاندووەتەوە.
 
بەشێک لە راپۆرتەکە تایبەتە بە هەست و مافی هاووڵاتیبوون لە عێراق کە بەرزترین ئاستی درککردن پێی تایبەت بووە بە پاراستنی وڵات بە بەهای 0.815، بەهای بەهێزکردنی رۆحی بەشداریکردن، لە هەستکردن بە هاووڵاتیبوون بە پلەی دووەم هاتووە کە 0.786، بەڵام پابەندبوون بە رێنمایی و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کەمترین بەهای هەبووە بۆ هاووڵاتیبوون لەلای ئەو هاووڵاتییانەی رووپێوییەکە گرتوونیەتەوە، کە 0.661 بووە.
 
24.2%ی بەشدارانی رووپێوییەکە ئاماژەیان بەوەداوە، کاتێک هەست بە هاووڵاتیبوون دەکەن کە یەکسانی لە ماف و ئەرک دەبینن لەگەڵ کەسانی دیکەدا، 13.3%ی ئەو هەستەی بەستووەتەوە بە دەرفەتی کار، 19.7% یان گەڕاندوویانەتەوە بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن، 6.9%یان پابەندیان کردووە بە دۆخی بژێوییان.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هەناردەی نەوت 85%ی داهاتی دەوڵەت بووە و لە دوو دەیەی رابردوودا بودجەی عێراق یەک تریلیۆن و 500 ملیار دۆلارى ئەمریکی تێپەڕاندووە، بەڵام ئەو بودجەیە کاریگەریی دادپەروەرانە و یەکسانی لەسەر هاووڵاتیانی عێراق نەبووە.
 
48.2%ی بەشدارانی رووپێوییەکە بڕوایان بە پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکان هەبووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەڵام 35.9% یان بڕوایان پێی نەبووە، 39.6% یان بڕوایان بە رێزگرتن لە دامەزراوەکان و کارمەندەکانی هەبووە، بەڵام 11.7 یان بۆچوونیان پێچەوانە بووە.
 
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، 3.8 ملیۆن قوتابی لە تەمەنی 6-11 لە قۆناخی سەرەتایی دەخوێنن، 4.5 ملیۆن لە قۆناخی ناوەندی دەخوێنن.
 
لە 17 هەزار و 66 قوتابخانە، 12 هەزار و 575 باڵەخانە بۆ خوێندنی سەرەتایی هەن و کورتهێنانی بینای قوتابخانەکان گەیشتووەتە 5041 باڵەخانە، بۆ قۆناخی ناوەندیش 4299 باڵەخانە کورتهێنان هەیە بۆ خوێندن. هەروەها هێشتا 119 قوتابخانەی گڵ لە عێراق ماون. 
 
راپۆرتەکە دەریخستووە، نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە خوێندن بێبەشن کە نیوەیان تەمەنی قۆناخی سەرەتایی و ناوەندین، 16%ی ئەو منداڵانەی ناخوێنن لە خێزانە هەژارەکانن و 3%یان لە خێزانە زۆر دەوڵەمەندەکانن.
 
رێژەی پەیوەندیکردن بە خوێندن گەیشتووەتە 93.9% لەکاتێکدا 2022-2023 رێژەکە 94% بووە و 2021-2022، 92.5% بووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە