کوردستان
بەفربارین لە ناحیەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. وێنە: رێبوار سلێمان- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی باران و کڕێوە چوار پارچەی کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێ ناوچە پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. لە باشووری کوردستان بارین بەردەوام دەبێت و لە سنووری سنەی رۆژهەڵاتیش لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەی سەرەتایی کرایە پشوو. لە رۆژئاوای کوردستانیش سبەی کەمترین باران دەبارێت، بەڵام لە بەشێک لە ناوچەکانی باکوور، کڕێوە دەبێت و پلەی گەرما تاوەکو ژێر سفر دادەبەزێت.
کەشوهەوا لە رۆژئاوای کوردستان
ئەمڕۆ سێشەممە، لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، نمەباران دەبارێت و پلەی گەرما 15ی سیلیزی دەبێت، بەڵام بۆ شەو دادەبەزێت بۆ 9 پلە.
سبەی ئاسمانی عەفرین هەور دەبێت، بەڵام باران نابارێت.
لە سنووری پارێزگای حەسەکەش، ئەمڕۆ بارانە و پلەی گەرما 16 پلەی سیلیزییە، شەو پلەی گەرما بۆ 13 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسی، سبەی ئاسمانی حەسەکە هەور دەبێت، بەڵام باران نابارێت.
بەهەمانشێوە، لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە باران دەبارێت و پلەی گەرما 14 پلەی سیلیزی دەبێت، بۆ شەو دادەبەزێت بۆ 11 پلەی سیلیزی.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسی، سبەی ئاسمانی قامشلۆ هەور دەبێت و باران بە پچڕپچڕی دەبارێت.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان کڕێوە دەبێت و لە هەندێ شوێن پشووە
شەپۆلی بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، لە مهاباد باران دەبارێت و پلەی گەرما 5پلەی سیلیزییە، شەو بۆ 2 پلە دادەبەزێت.
پێشبینیی دەکرێت سبەی لە مهاباد کڕێوە بێت و پلەی گەرما لەنێوان 0-4 پلەی سیلیزی دەبێت.
لە کرماشانیش ئەمڕۆ باران دەبارێت و پلەی گەرما 9پلەی سیلیزی دەبێت و شەو بۆ 5 پلە دادەبەزێت.
سبەی بەهەمان شێوە باران دەبارێت و گەرما پلەیەک دادەبەزێت.
لە ئیلام، ئەمڕۆ باران و برووسکە دەبێت و پلەی گەرما 11پلەی سیلیزی دەبێت، شەو دادەبەزێت بۆ 6 پلە.
سبەی بەهەمان شێوە باران دەبارێت و گەرما پلەیەکی دیکە دادەبەزێت.
لە مەریوان باران قوتابخانەکانی داخست
لە پارێزگای سنە، تەنیا لە شاری مەریوان بەهۆی بارانبارینی بەردەوامەوە پشوو راگەیێندراوە.
لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە مەریوان رایگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ بەردەوامیی بارین و مەترسیی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامەکان، بڕیاردرا ئەمڕۆ سێشەممە تەنیا لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە سەرەتاییەکانی شارەکە پشوو بێت.
کەشوهەوا لە باکووری کوردستان
باکووری کوردستانیش بێبەش نەبووە لەم شەپۆلەی باران و سەرمایە، لە پارێزگای کلیس، ئەمڕۆ بارانی پچڕپچڕ دەبارێت و پلەی گەرما 14پلەی سیلیزی دەبێت، بەڵام شەو دادەبەزێت بۆ 8 پلە.
پێشبینیی دەکرێت سبەی ئاسمانی کلیس هەور بێت و باران نەبارێت.
لە دیلۆک باران نابارێت، ئەمڕۆ ئاسمانی پارێزگاکە هەور دەبێت و پلەی گەرما 12پلەی سیلیزیە، شەو بۆ 7 پلە دادەبەزێت.
پێشبینیی دەکرێت سبەی ئاسمانی دیلۆک هەور و خۆرەتاو بێت.
لە مەڕەش، ئەمڕۆ بارانی پچڕپچڕ دەبارێت و پلەی گەرما 12ی سیلیزی دەبێت، شەو بۆ 6 پلە دادەبەزێت.
سبەی، ئاسمانی مەڕەش هەور و خۆرەتاو دەبێت و پلەی گەرما وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
بەڵام لە وان لێزەمە باران و کڕێوەیە، پلەی گەرما 4پلەی سیلیزییە و شەو بۆ 2 پلە دابەزیوە. سبەی بەهەمانشێوە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما دەگاتە نمرەیەک خوار سفر.
لە پارێزگای مووش، ئەمڕۆ باران و کڕێوەیە و پلەی گەرما 3ی سیلیزییە، سبەی نمەباران دەبێت و پلەی گەرما بۆ 5 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.
لە ئامەد، باران بەشێوەی پچڕپچڕ دەبارێت و پلەی گەرما 10ی سیلیزییە، شەو بۆ 8 پلە دادەبەزێت. سبەی ئاسمان هەور دەبێت و پلەی گەرما دوو نمرە بەرز دەبێتەوە.
باشووری کوردستان؛ "سبەی بارانی زۆر بەخوڕ دەبارێت"
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "باران بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەکان. لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی مامناوەند دەبارێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ کات نمەباران دەبێ. لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بارانی بەخوڕ دەبارێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ناوچەکە، ئەمڕۆ "بەهۆی بارانی بەلێزمەوە ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت: "لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبارێ و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت. لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هەندێ کات لێزمە باران دەبارێ تاوەکو کاتەکانی نیوەڕۆ".
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیە بووە:
هەولێر: 25.6 ملیمەتر
سلێمانی: 61.3 ملیمەتر
دهۆک: 23.6 ملیمەتر
هەڵەبجە: 54 ملیمەتر
کەرکووک: 39.4 ملیمەتر
زاخۆ: 12.9 ملیمەتر
چەمچەماڵ: 81.2 ملیمەتر
شەقڵاوە: 22.6 ملیمەتر
نازەنین: 62.5 ملیمەتر
شەمامک: 20.5 ملیمەتر
هەرچەندە سەرەتا پێشبینی دەکرا چوارشەممە دوایین رۆژی ئەم شەپۆلەی بارانبارین بێ کە لە یەکشەممەوە باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام کەشناسێک دەڵێ، هەینی و شەممەش لە چەند ناوچەیەک باران دەبارێت.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی نەوەک کۆتایی شەپۆلەکە نابێت، بەڵکو لە سنووری سلێمانی، گەرمیان، کەرکووک و ئیدارەی راپەڕین بارانی زۆر بەهێز دەبارێت".
لەبارەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیشەوە لوقمان موفتی گوتی: "سبەی لە هەولێر و دهۆکیش بارانبارین بەشێوەی ناوبەناو بەردەوام دەبێت، بەڵام وەکو ناوچەکانی دیکە بەهێز نابێت".
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا گوتیشی: "ئەمڕۆش لە تەواوی هەرێمی کوردستان بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەڵام بارانەکە ناوبەناو دەبێت".
موفتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێنجشەممەوە شەپۆلەکە لاواز دەبێ و هەینی و شەممەش ئەگەری بارانبارین لە چەند ناوچەیەک دەبێت، بەڵام بە لاوازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ