تووندوتیژیی خێزانیی هەولێر: 24 کاژیر هێڵی گەرمی 119 بەردەستە

10-01-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر دەڵێت، لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، 24 کاژێر هێڵی گەرمی 119 تایبەت بەو کەسانەی رووبەڕووی تووندوتیژیی خێزانی دەبنەوە کراوە و بەردەستە، "ئەو ژنەش کە رۆژی رابردوو هاوژینەکەی هەڕەشەی لێکردبوو، فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە و لە هەوڵی دەستگیرکردنیدان."
 
لە 26-11-2022 لە هەولێر پیاوێک دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی هاوژین و چوار منداڵەکەی دەکات، ئەو ئافرەتەی کە هاوژینەکەی هێرشی کردووەتە سەر، دایکی چوار منداڵە. پەیڕەو مۆفەق، پارێزەری ئەو ئافرەتەیە کە هەڕەشەی لێدەکرێت و دەڵێت، "فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرچووە. ئەمڕۆ جارێکی دیکە چووەتەوە سەر ماڵەکە بۆ ئەوەی لێیان بدات، زووتر تەلەفۆنی بۆیان کردبوو و هەڕەشەی لێ کردوون کە دەڕوات و هەموویان دەکوژێت."
 
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەو ئافرەتەی تەقە لە ماڵی کراوە، نزیکەی ساڵێک پێشتر کەیسەکەی لامانبوو، هاوژینەکەی دەستگیرکرا، بەڵام ئافرەتەکە هات و تەنازولی کردووە بۆ ئازادکردنی تۆمەتبارەکە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای هەولێر، "ئەو کەیسە ئێستا رێکاری باشی بۆ گیراوەتەبەر، تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە، بەڵام رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و دڵنیاییشمان بە ژنەکە داوە کە ژیانی پارێزراو دەبێت."
 
پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی 06-01-2023 لە گەڕەکی موفتیی شاری هەولێر باوکێک کچێکی خۆی کوشت و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات. رۆژی شەممە، عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
لەبارەی دەستگیرنەکردنی باوکی رەها،عەقید سەفین تاهیر دەڵێت، "کەسوکاری ئەو قوربانییە نەهاتوون سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر تووندوتیژییەکان لەسەریان." گوتیشی، ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی تەنیا بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ دەکەن، بۆ بەدواداچوونیش "زۆرجار ناتوانین بەدواداچوون بۆ کێشە و کەیسەکان بکەین، کەسەکە بڵێت کێشەم نییە، ئێمە ناتوانین لێکۆڵینەوە بکەین."
 
لە هەرێمی کوردستاندا چەند هێڵێکی گەرمی پەیوەندیکردن هەن، یەکێک لەوانە هێڵی 119یە و تایبەتە بە کەیسەکانی تووندوتیژیی خێزانی و ئافرەتان.
 
سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، هێڵی گەرمی 119 کە تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستاندا، 24 کاژێر بەبێ بەرامبەر کراوەن بۆ پەیوەندی و هاونیشتمانیان و ئەوانەی کە مەترسی یان هەڕەشەیان لەسەرە دەتوانن پەیوەندی بکەن.
 
لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ ناوەند هەن بۆ وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکان و بەگوێرەی ئەو شوێنەی کەسەکە پەیوەندی دەکات، پەیوەندییەکەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی سنوورەکەی خۆی دەکرێت، سەفین تاهیر دەڵێت، "لە ماوەی خولەکێک یان کەمتر کەسی پەیوەندیکار لەگەڵ کارمەندی پەیوەندییەکان قسە دەکات."
 
جیهان یاسین، دایکی رەها ئاماژە بەوە دەکات، "بەر لەوەی باوکم و ئەوان بێن و بمبەنەوە، دوو جار پەیوەندیم بە 119وە کرد، بەڵام وەڵامیان نەدامەوە. دواتر باوکم و ئەوان هاتن و منیان بردەوە." لەوبارەیەوە سەفین تاهیر دەڵێت، "هیچ پەیوەندییەک نییە وەڵام نەدرێتەوە، بەڵام ئەگەر هێڵەکە بەردەست نەبوو، دەکرێت دواتر پەیوەندی بکاتەوە، چونکە رۆژانە بەردەوام هاونیشتمانیان پەیوەندی دەکەن بە هێڵی گەرمی 119وە."
 
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتانی هەولێر گوتیشی، "لە سەنتەری پەیوەندییەکانی هەولێر لە یەک کاتدا دەتوانن 4 پەیوەندی وەڵام بدەنەوە، هەروەک ئێمە شەوان لە کاژێر 02:00 و 03:00 پەیوەندی کراوە و وەڵام دەدرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.