رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا دوو کۆڵبەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوو.
سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-01-2024 کۆڵبەرێک بەناوی میرزا ئەحمەدی، خەڵکی شاری بانە، لە ناوچە سنوورییەکانی زلێ، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرا.
میرزا ئەحمەدی تەمەنی 43 ساڵ و خەڵکی گوندی ئەنجنێ-یە، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بوو.
هەر لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە، رۆژی 09-01-2024 هێزی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەڵماس، بە ناوی شۆڕش خەرەگۆشی، دوو گولە بەر سینگی کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
شۆڕش خەرگوشی خەڵکی زێوەجیک، سەر بە شاری سەڵماس، لە باکووری پارێزگای ورمێیە، ئەویش تەمەنی 33 ساڵە، خێزاندارە و منداڵێکی شەش ساڵانی هەیە.
بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەو دوو رووداوەدا هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران پێشوەختە کۆڵبەرەکانیان ئاگادار نەکردووەتەوە.
رۆژی 08-01-2024 لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود سەر بە شاری پاوە، هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و کۆڵبەرێک بە ناوی ئەمیر ئیلاهی بریندار بووە.
ئەو کۆڵبەرە تەمەنی 25 ساڵان و خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانییە، دەگوترێت باری تەندروستیی ناجێگیرە.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی کوردستان لە ساڵی 2023دا لانیکەم 29 کۆڵبەر لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 228 کۆڵبەریش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ