رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، ساڵی رابردوو خاوەنی پەلەوەرخانەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 ملیار دینار زیانیان بەرکەتووە. دەشڵێت، لە پەلەوەرخانەکان ئەمڕۆ کیلۆی مریشک بە دوو هەزار و 100 دینار فرۆشراوە.
رۆژی چوارشەممە، 10-01-2024، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵی رابردوو بەهۆی نەخۆشیی ڤایرۆسی و دابەزینی نرخەوە کە نزیکی چوار مانگ کیلۆی مریشکمان بە هەزار دینار دەفرۆشت، لەکاتێکدا تێچووی کیلۆیەک مریشک نزیکەی 2 هەزار و 500 دینار بوو، خاوەن پەلەوەرخانەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 ملیار دینار زیانیان بەرکەتووە."
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن؛ لە هەولێر 576 پەلەوەرخانە، سلێمانی 727 پەلەوەرخانە، دهۆک 344 پەلەوەرخانە و 35 پەلەوەرخانەش لە هەڵەبجە هەن؛ نازم عەبدوڵڵا دەڵێت، نزیکەی 800 پەلەوەرخانەش هەن بەرهەمیان هەیە و تۆمارنەکراون و نایاسایین.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی، کەرتی پەلەوەر رێکخبخرێتەوە و دەتوانرێت گۆشتی مریشک بۆ 50 ملیۆن کەس دابینبکات و بۆ ئەوەش داوایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری خاوەن پەلەوەرخانەکان بکات.
ئێستا کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو هەزار و 250 دینار بۆ دوو هەزار و 500 دینارە.
ساڵانە چەندین جار کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێن، زیانی زۆری مادیان بەرکەتووە، لەبارەی ئەوەی هەموو ساڵێک زیان دەکەن چۆن بەردەوامیی بە کارەکەیان دەدەن، نازم عەبدوڵڵا گوتی، "خۆم خانوو و چوار ئۆتۆمبێلم بەهۆی زیانەوە فرشتووە؛ خاوەن پەلەوەرخانەکان پارەی ئالیک، دەرمان و هەڵهێنەر قەرزدارن و ناچارن بەردەوامیی بە کارەکە بدەن، ئەگەر وازبێنن دەبێت قەرزەکە بدەنەوە و ئەوەشیان پێناکرێت."
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆش زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ