رووداو دیجیتاڵ
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشنیازێکى بۆ هەموارى یاسای بودجەى گشتى داوەتە بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵى، دیارترین خاڵی هەموارەکەش ئەوەیە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە خەرجى راستەقینە دەربهێندرێت و بخرێتە سەر مووچەخۆرانى عێراق. ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت:"بەگوێرەى هەموارەکە، دیاریکردنى پشکى دیکەى هەرێمى کوردستان جگە لە مووچە لەسەر بنەماى خەرجى راستەقینە دەمێنێتەوە."
بە گوێرەى ئەو زانیاریانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەى جیاوازەوە لە بەغدا دەستى کەوتوون، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا پێشنیازى خۆیان بۆ هەموارى یاسای بودجەى گشتیى عێراق رادەستى لایەنى عێراقى کردووە.
پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە کە هەموارکردنەوەى یاساکە لە پەرلەمان وابکات مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە خەرجى راستەقینە جیا بکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجیی مووچەى فەرمانبەرانى عێراق، کە مانگانە جێگیرە و ناگۆڕێت.
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشنیازەکەى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە کێشەى نەناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نەمێنێت و لەگەڵ فەرمانبەرانى دیکە لە عێراق مووچە وەربگرن."
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە 13.4 تریلیۆن دینارى بۆ بودجەى بەکاربردنە کە مووچەى فەرمانبەران بەشێکە لە بودجەکە.
بە گوێرەى بڕگەى دووى مادەى 11ـی یاساى بودجەى گشتیى، پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.67%ـى خەرجى "راستەقینە" دیاریدەکرێت لە هەردوو خەرجیی بەردەوام و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، لەدواى دەرکردنى خەرجیى سیادى.
سۆران عومەر ئاماژەى بەوەدا، بڕگەى خەرجیى راستەقینە لە دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان وەک خۆى دەمێنێتەوە و لەدواى جیاکردنەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
رۆژی 7ـی کانوونى دووەمى 2023، شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداى کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەى کرد و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی زانیارییەکان شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاى کۆبوونەوەکانیاندا پرسی گرێبەستى کۆمپانیا نەوتییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى فیدڕاڵى تاوتوێکردووە، بەشێوەیەک کە بگونجێندرێت لەگەڵ سرووشتى گرێبەستەکانى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ تاوەکو شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بدرێت.
گرێبەستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لەسەر بنەماى هاوبەشییە لە بەرهەمهێناندا، لە کاتێکدا گرێبەستەکانى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى، لەسەر بنەماى خزمەتگوزارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ