رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕێ دەکەن بەغدا کۆنووسی کۆبوونەوەی یەکەمیان بۆ رەوانە بکات."
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 10-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 21-11-2023 بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا، بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان و ئەندامێتیی هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، داد و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان. لیژنەکە سێ ئەرکی سەرەکیی دەبێت، یەکەم: پێداچوونەوە بە رێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە وشکانی، ئاوی و فڕۆکەخانەکانەوە؛ دووەم: دانانی پلانێکی گشتگیر و یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گومرگی و یاساکانی پاراستنی بەرهەمەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی، "لیژنەکە تەنیا یەک کۆبوونەوەی کردووە، کۆنووسێک ئامادە کراوە، چاوەڕێ دەکەن کۆنووسەکەیان بەدەست بگاتەوە، تاوەکو لەبەر رۆشنایی ئەو کۆنووسە، خۆیان ئامادە بکەن و دووەمین کۆبوونەوە بکەن."
ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەی رابردوودا باسی کۆمەڵێک راسپاردە کرا، لەوانە یەک سیاسەتی گومرگی لە هەموو دەروازەکان جێبەجێ بکرێت، لیژنەیەک سەردانی هەموو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەو دەروازانەی تێبینییان لەسەرە، یەکلابکرێنەوە و بە یاسایی بکرێن و بکرێنە فەرمی یان دابخرێن، گفتوگۆکانیش بەردەوامە، دەبێت یاسای دەروازە سنوورییەکان هەموار بکرێتەوە."
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبوو لە ماوەی یەک مانگدا لیژنەکە کارەکانی تەواو بکات، بەڵام نزیکەی مانگێک و 20 رۆژە، تائێستا یەک کۆبوونەوەی کردووە و کارەکانی تەواو نەکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەهۆی دۆخی سیاسی و پشووەکانی سەری ساڵ، کارەکانی لیژنەکە تاڕادەیەک دواکەوتووە، زۆرجاریش کە وادە بۆ کارەکان دادەنرێت بۆئەوەی پەلەی تێدا بکرێت، بەڵام جار هەیە گرفتی بۆ دروست دەبێت و رێک ناکەوێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خواستێک هەبێت بۆ چارەسەرکردن و هاوئاهەنگی."
بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، "هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتیی زۆر گرنگی هەیە، کە زۆر قەرەباڵخن، باشترە هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستن بە دارایی، ئابووری و دەروازەکانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی گەورەی هەبێت لە داڕشتنی سەرجەم بڕیار، راسپاردە، رێکار، رێنوێنییەکان و یاساکانی پەیوەست بەم پرسە."
هەرێمی کوردستان 13 دەروازەی سنووریی هەیە، کە چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازی نافەرمین، لەگەڵ دوو دەروازەی ئاسمانی کە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانین، عێراقیش 24 دەروازەی سنووری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ