وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: هەرێمی کوردستان داوای داخستنی کەمپی ئاوارەکانی کردووە

10-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان داوای داخستنی کەمپی ئاوارەکانی کردووە و ئامادەیی دەربڕیوە لەوبارەوە هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق بکات.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی چوارشەممە 10-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوای داخستنی کەمپی ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراق کردووە، ئامادەیی دەربڕیوە هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق بکات بۆ داخستنی ئەو کەمپانە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانە نەک گەڕانەوەی زۆرەملێ و دەبێت زەمینەسازی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ زێدی خۆیان فەراهەم بکرێت وەک دابینکردنی خزمەتگوزاریی و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
 
رۆژی 11-04-2023، سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراێکدا جەختی لەوەکردەوە، هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، "بۆ ئەو مەبەستەش جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانیان و خەڵکی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت". 
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستان 24 کەمپ هەن، نزیکەی 33 هەزار خێزان دەبن کە نزیکەی 140 هەزار کەسیان تێدایە و زۆربەیان خەڵکی شنگالن لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، ئەنبار و ناوچەی دیکە.
 
رۆژی سێشەممە 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان پڕبکرێتەوە و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
 
رۆژی دووشەممە 08-01-2024، دەستەی رای وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتی ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و ئامادەبوونی رۆنزی زیاد سەیدۆ، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاران درەید جەمیل و ناسک مەهدی، هەروەها سەگڤان موراد راوێژکاری سەرۆککۆمار لەگەڵ کارمەندانی پێشکەوتوو و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەکە کوبووەوە.
 
 لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وەزارت تاوتوێکرا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. هەروەها رەزامەندی دراوە کە رووپێویێکی مەیدانی بکرێت لەنێو کەمپەکاندا بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک لەبارەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
 
لەوبارەوە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 08-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە دەستیان بە راپرسی لەنێو کەمپەکاندا کردووە، لە هەولێر و سلێمانی راپرسییەکەیان تەواوکردووە و بەم نزیکانە لە دهۆکیش دەستپێدەکەن، بۆ ئەوەی لەژێر رۆشنایی ئەو راپرسییە کارەکانیان بکەن و ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن.
 
عەلی عەباس گوتی، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وایکردووە هەنگاوەکانیان خێراتر بکەن، پێشتر پلانیان ئەوەبوو تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کەمپەکان دابخرێن، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا تاوەکو 30-06-2024 کەمپەکان دابخرێن، بۆیە دەبێت پەلەی تێدابکەن ئەو کارەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.