کوردستان
دیمەنێکی بەفر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. وێنە: پەیجی فەیسبووکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفر بارینی شەوی رابردووەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ رێگەی سەنتەری سۆران بۆ قەزاکانی سنوورەکە دروستبووە و رێگەی زینی وەرتێش بە تەواوی داخراوە. بەرگریی شارستانی داوا دەکات، هاتووچۆی بەو رێگەیانەدا نەکرێت.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی زینی وەرتێ داخراوە، کە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی، "رێگەی سەنتەری سۆران بۆ قەزاکانی مێرگەسۆر، سیدەکان و چۆمان بەهۆی بەفرەوە ئاستەنگیی تەواویان بۆ دروستبووە و داوا دەکەین ئێستا هاونیشتمانییان هاتووچۆی پێدا نەکەن."
هەر ئەمڕۆ موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت، "جیا لە بەفربارین، باران و رەشەبا داریان شکاندووە، لە هەندێک شوێن بوون بەهۆی ئاستەنگیی هاتووچۆ، تیمەکانمان لە هەموو ناوچەکان سەرقاڵی لابردنی ئاستەنگییەکانن."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی، دوو ئۆتۆمبێل کە لەنێو بەفردا گیریانخواردبوو، لەلایەن تیمەکانیانەوە رزگار کراون.
میراودەلی دەڵێ، رۆژانە تاوەکو پێش نیوەڕۆ و ئێوارانیش لە دوای کاژێر 04:00ی ئێوارەوە شەقامەکانی دەرەوەی سنوورەکەیان دەیبەستن و بۆ هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل شیاوی بەکارهێنان نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ