رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی ناحیەی سەرسنگی ئامێدی، سێ ئەندامی خێزانێک بەهۆی هەڵمژینی غازی خەڵووزەوە شەوی رابردوو گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی تەندروستیی ئامێدی، خێزانەکە شوان بوون.
رۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسعود تەها، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ ئەندامی خێزانێکی عەرەبی ئاوارە کە شوان بوون، لە گوندی "باوەرکێ"ـی سەر بە ناحیەی سەرسنگ لە قەزای ئامێدی، بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە گیانیان لەدەستدا.
مەسعود تەها گوتی، "ئەو خێزانە لەناو خێمەیەکدا ماونەتەوە و خەڵوزیان بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکارهێناوە، شەوی رابردوو بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی خەڵوزەکەوە باوکەکە و دوو لە منداڵەکانی گیانیان لەدەستداوە و هاوژینەکەشی تەندروستیی باش نییە."
باوکەکە ناوی سەگەر حوسێن حەمیدە، لەدایکبووی 2001ـە و دوو منداڵەکەشی ناویان (تەمانی) تەمەن دوو ساڵ و (شەهەد) تەمەن یەک ساڵە. هاوژینەکەشی کە ناوی نەوا تورکی حەمیدە، ئێستا لە نەخۆشخانەی ئازادییە و لەژێر چاودێری چڕدایە.
ئەو خێزانە خەڵکی رەبیعەی سەر بە قەزایی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا بوون و لە گوندی باوەرکێ خەریکی شوانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ