هەسەدە: تورکیا بە درۆنێکی جۆری (ئاکنجی) راستەوخۆ دەستێوەردانی سەربازیی لە سووریا کردووە

10-01-2026
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، تورکیا بە دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی لە سووریا تۆمەتبار دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی، بە گوتەی خۆیان، رۆژی هەینی درۆنێکی جۆری "ئاکنجی"ی تورکیا پێگەیەکی هێزەکانیانی لە باشووری تەبقە کردە ئامانج.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێرشەکە لە کاژێر 6:00ی ئێوارە بە کاتی نێوخۆ لە ناوچەی "کێڵگەی سەورە" لە باشووری شاری تەبقەی سەر بە پارێزگای رەققە روویداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری ئاگربەستە لەرزۆکەکە" ناوی دەبات.
 
هەسەدە دەڵێت: "ئەم هێرشە لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە پاش شەڕی بەنداوی تیشرین، یەکەمینە لە جۆری خۆی و پێشێلکارییەکی روونی لێکتێگەیشتنەکانە." هەروەها هۆشداری دەدات کە ئەمە "نیشانی دەدات کە تورکیا سوورە لەسەر گێڕانی رۆڵی راستەوخۆی سەربازی لە سووریا و مەترسیی فراوانبوونی ململانێکان دروستدەکات."
 
بەنداوی تیشرین لەسەر رووباری فورات لە باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب، لە کۆتایی 2024 و سەرەتای 2025 خاڵێکی سەرەکیی گرژییەکان بووە. شەڕی سەخت لەنێوان هەسەدە و گرووپی چەکداری بە ناو "سوپای نیشتمانیی سووریا" بە رێککەوتنێکی ئاگربەست لە ئاداری 2025 کۆتاییهات، کە هەمان رێککەوتن داوای تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و سڤیلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی ناوەندیی سووریا دەکات، هەرچەندە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە چەندینجار راگیراوە.
 
هاوکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، هەسەدەی بە "دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی گرژییەکان تۆمەتبار کرد". سوپای سووریا دەڵێت، هەسەدە بە زیاتر لە 10 درۆنی "دروستکراوی ئێرانی" هێرشی کردووەتە سەر حەلەب و دامەزراوە سڤیلەکان، مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی کردووەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.
 
سوپای سووریا رایگەیاند کە سەرچاوەی هێرشەکان و ژمارەیەک زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی هەسەدەیان لە یەکێک لە پێگەکانیان تێکشکاندووە و دەڵێت: "ئەمە وەڵامێکی سەرەتاییە و قۆناخەکانی دیکە لە کات و شوێنی گونجاودا دەبن."
 
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان، شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لەنێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر دەستیپێکردووەتەوە، کە بووتە هۆی کوژرانی لانیکەم 30 کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو رۆژی 9ی کانوونی دووەم، نزیکەی 150 هەزار کەسیش لەو گەڕەکانە ئاوارە ببوون.
 
یەکینەکانی پارستانی گەل (یەپەگە)، کە بە بڕبڕەی پشتی هەسەدە دادەنرێت، لە لایەن ئەنقەرەوە بە بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت. وێڕای ئەوەی لە دوای رێککەوتنەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق لە لایەک و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە لایەکی دیکە، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر شەڕڤانان وەستاندووە، بەڵام ئەنقەرە بەردەوام داوا دەکات هەسەدەش چەک دابنێت. 
 
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، تورکیا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی تۆمەتەکەی هەسەدەوە نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مامۆستایەک لە قوتابخانەیەکی هەرێمی کوردستان وانە دەڵێتەوە. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

یەکێتیی مامۆستایان: مامۆستایانی گرێبەست دەمێننەوە و گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، هەموو مامۆستایانی گرێبەست لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و گرێبەستیان نوێ دەکرێتەوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایانیان تەواو کردووە.