رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی پارێزگاری نەینەوا رەزامەندی دەربڕیوە کە 50 دۆنم زەوی نیشتەجێبوون لە سنووری قەزای شنگال بۆ دابەشکردن بەسەر بەشێک لە هاونیشتمانییان تەرخان بکرێت.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی شەممە 10ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارگێڕیی پارێزگای نەینەوا رەزامەندی لەسەر داوایەکی وەزارەتەکەیان دەربڕیوە تایبەت بە تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی بەسەر هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان، بە جۆرێک 50 دۆنم لە سنووری شنگال و 50 دۆنمەکەی دیکە لە بەری راستی موسڵە.
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، هەر کەسێک خانووی نەبێت و دۆخی ئابووری خراپ بێت، زەوی پێ دەدرێت.
عەلی عەباس گوتی، "هەندێک رێکاری کارگێڕیی پێویستن وەک ئەنجامدانی رووپێو کە رەنگە جێبەجێکردنیان دوو مانگ بخایێنێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی پارچە زەوییەکان بکرێت."
لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ئابی 2014دا بەشی زۆری خەڵکی ئەو سنوورە ئاوارە بوون و بەشی زۆری خانووەکانیش رووخان، ئەوە جگە لە کۆمەڵکوژکردنی هەزاران کوردی ئێزدی.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بە دەستی رووداو گەیشتووە، لە هەرێمی کوردستان 24 کەمپ هەن؛ نزیکەی 35 هەزار بۆ 37 هەزار خێزان ئاوارە لە کەمپەکاندا هەن کە ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت و بەشێکی زۆریان خەڵکی شنگالن.
ئەو ئاوارانە دەڵێن، هیچ شتێکیان بۆ نەماوە تاوەکو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، نەبوونی خزمەتگوزاری و چەند هۆکارێکی دیکە وایکردووە هەر لە ئاوارەییدا بمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ