لە ساڵێکدا 50 شوێنی گەشتیاری لە سلێمانی داخراون

10-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلێمانی دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە نزیکەی 50 هۆتێل و مۆتێل، چێشتخانە، خواردنگە و بنکەی گەشتیاریی دیکە داخراون. سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی هەولێریش دەڵێت، داخستن کەمتر بووە.
 
رۆژی شەممە، 10-2-2024، مەحموود تۆفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو شوێنانەی داخراون هۆتێل و مۆتێلی میلـلی، کابینەی گەشتیاری، چێشتخانە، رێستۆرانت، خواردنگە، کافتریا و بنکە گەشتیارییەکانی دیکە بوون."
 
لەبارەی هۆکارەکانەوە مەحموود تۆفیق گوتی، "باجی زۆر، نرخی کارەبا کە یەک کیلۆوات 157 دینارە و نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکان بەتایبەت ئەو خاوەن موڵکانەی لە دەرەوە دەژین کە ئامادە نین باجی ساڵانە بدەن، بوون بەکێشە و هۆکاری داخستنی بنکە گەشتیارییەکان؛ نەبوونی مووچەش بەشێک لە هۆکارەکانە، بەڵام بە کەمی."
 
لەو شوێنانەی لە سلێمانی داخراون حەوت هۆتێلی میلـلی و چوار رێستۆرانت هەن.
 
بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەکە، لە سلێمانی 600 بنکەی گەشتیاریی میلـلی هەن، کە جگە مۆتێل و هۆتێل، کابینەی گەشتیاری، چێشتخانە، رێستۆرانت و کافتریایان لەنێودایە.
 
کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر: هەمان کێشەکانی سلێمانیمان هەیە
 
لە سنووری هەولێر 380 هۆتێل و مۆتێل، 200 کافتریا و 400 رێستۆرانتی گەشتیاری هەن. زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گرانی کارەبا و گاز، کێشەی تەواوی هۆتێل و مۆتێلەکانی هەولێرە، لەگەڵ ئەوەشدا رێکارەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت کێشەی دیکەی دروستکردووە."
 
بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت هەموو شوێنە گەشتیارییەکان 70%ـی کارمەندەکانیان نێوخۆیی بن؛ 30%ـی کورد و 40%ـی عێراقی.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر دەڵێت، "هەندێک لە باڕەکان دەبێت کارمەندی بیانی بن و کورد لەو شوێنانە کار ناکەن؛ هەندێک براندیش هەن خواردنی تایبەتن و دەبێت کەسانی بیانی دروستیان بکەن. ئەوانە بوون بە کێشە بۆ زۆرینەی میوانخانە و چێشتخانەکان".
 
رێکارێکی دیکە میوانخانە و چێشتخانەکانی نیگەران کردووە، رێکارەکانی بەرگری شارستانییە بۆ پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەت. زیرەک بیا ئیلیا گوتی، رێکارەکانی بەرگریی شارستانی دوای چەند رووداوێكی سووتان لە سۆران و ناوچەکانی دیکە تووند کراون.
زیرەک بیا ئیلیا ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە لەم مانگەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆببنەوە.
 
"رێکارە کارگێڕییەکان دەبێت جێبەجێ بکرێن"
 
نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر رۆژی شەممە بە رووداوی گوت، "دواکەوتنی نوێکردنەوەی مۆڵەت پەیوەندی بە کارە کارگێڕییەکانەوە هەیە، بەتایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتی و رێکارەکانی بەرگریی شارستانی کە هەندێک شوێن نیانە و مۆڵەتەکانیان دوادەکەوێت، ئەوانەش رێنمایین و دەبێت جێبەجێ بکرێن."
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەولێر گوتیشی، ئەگەر شوێنی گەشتیاری "بە دەگمەن" لە هەولێر داخرابێت هۆکار رێکارەکان یان کەمیی بازاڕ نەبووە و زیاتر پەیوەندی بە فرۆشتنی موڵک و خاوەن موڵک و کرێچییەوە هەبووە.
 
بە گوێرەی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیاری روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە هاتوون و بەشێکیشیان وڵاتانی دەرەوە.
هەر بە گوێرەی دەستەکە، ژمارەی بنکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
 
میوانخانە (هوتێل): 468
موتێل: 267
کۆمەڵگەی گەشتیاری: 33
گوندی گەشتیاری: 20
توانای وەرگرتن - ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
چێشتخانە - رێستۆرانت: 524
کافتریا: 657
کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری: 518

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.