رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، بەتۆمەتی "هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی" و "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکان" دادگایی دەکرێت.
سبەی (سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025) سێیەمین دانیشتنی دادگاییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەدەچێت.
عەبدوڵڵا زەیدان رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2015 لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان، کە بە شەڕی "خەندەق" ناسرابوو، چووە بارەگایەکی سەربازی لە ناوچەی گەڤەر لە جۆلەمێرگ.
ئامانج لەم چالاکییەی هەدەپە ئەوە بوو؛ خۆیان بکەنە قەڵخان لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا. بەڵام بەتۆمەتی "پێشێلکردنی ناوچە قەدەخەکراوە ئەمنییەکان و رێگری لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، هەروەها هاوکاریکردنی بەمەبەستی پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر"، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان لە رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2025 و دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە رۆژی 30ـی هەمان مانگ لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زەیدان لە هەردوو دانیشتنەکە دا لەبەر نەخۆشکەوتنی، دادبینییەکە دواخرا.
رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2025، داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد، دوو تۆمەتنامەکەی لە دژی عەبدوڵڵا زەیدان، بە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکاندا، پێشکێشی دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد کرد. پێنجەمین دادگەی ئامەد، رۆژی 7ـی مانگ تۆمەتنامەکەی پەسند کرد و عەبدوڵڵا زێدانی بانگهێشت کرد.
لە ئەگەری سزادانی عەبدوڵڵا زەیدان و زیندانیکردنی، لە کارەکەی وەکو سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، دووردەخرێتەوە و شارەوانییەکە قەیوومی بۆ دادەنرێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دا، عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری دەم پارتی 245 هەزار و 573 دەنگ ( 55.48٪ـی دەنگەکان)ـی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ