رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک هۆز و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و پەیامێکیان ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد. دەڵێن، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پێویستە هەموو کەس و لایەنێک رۆڵ بگێڕن.
رۆژی 9ی شوباتی 2025 کۆمەڵەی هۆزە دێرینەکان لە پارێزگای وان-ی باکووری کوردستان، بە بەشداریی 230 سەرۆک هۆز و 170 کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی تورکیا و باکووری کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بە ناونیشانی "بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک" کرد.
راسم ئاسلان، سەرۆکی کۆمەڵەکە گوتارێکی پێشکێش کرد و پشتیوانیی تەواوی سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکانی وان-ی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی راگەیاند. گوتی، "پێویستە پرۆسەکە لە بازنەیەکی فراوان بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی هەموو کەس و لایەنێک، چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی گەل تێیدا بەشدار بن و رۆڵ بگێڕن."
ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەک دەوڵەت، لە لایەکی دیکە لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هۆز و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە دەتوانن پەرەی زیاتر بە پرۆسەکە بدەن.
داواشیان لە پەکەکە کرد، وەڵامی داواکان بداتەوە لەبارەی چەک دانان و زەمینە خۆش بکات بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی. بەمەش برایەتیی کورد و تورک بەهێزتر و پتەوتر دەکرێت.
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بە نوێنەرایەتیی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
دوای یەکەم کۆبوونەوە، شاندەکەی دەم پارتی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە لایەنە سیاسییەکان و بۆچوونی ئەوانیشی وەرگرت. لە دیداری دووەمیشدا، بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانیان گەیاندە ئۆجەلان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ