رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، مووچەی [مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان]ـیان خەرج کردووە و هیچی لای ئەوان نەماوە.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە لەوەی "تووشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی سەرۆککۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە مووچەمان خەرج کردووە و هیچ لای ئێمە نەماوە."
لە دوای پەسندکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق، حکومەتی عێراق مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک، بەردەوامە.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، 20-1-2025 سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکردووە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق باسی لە نێوەڕۆکی سکاڵاکەیان کرد و گوتی، "داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن. بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە."
هاوڕێ تۆفیق لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوەش کرد، دادگاییەکە رۆژ 12ـی مانگ دەکرێت و، "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات".
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان؛ هێشتا مووچەی مانگی 12ـی پاری مووچەخۆران دابەش نەکراوە. حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى ساڵی رابردووی دابەشکردووە، بەڵام وەزارەتى دارایی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی مووچەى سەرجەم مانگەکانی 2024ـی ناردووە.
رۆژی 3-2-2025 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بەبێ گرفت خەرج بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ