سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بودجە و پارەی بەشەخۆراک تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیە کۆببێتەوە، کە دیارترینیان جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە.
 
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆبوونەوەکە کاژێر 10:00ـی بەیانیی سبەی چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، لە هۆڵی مامۆستا سەعد بەڕێوەدەچێت و تێیدا سێ بڕگەی سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
 
تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە لە تشرینی دووەمی 2024 کرا. بەپێی کارنامەکە، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (بەدەر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) بە فەرمی بە 14.1% دیاری کراوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێک دەخاتەڕوو بۆ بەدواداچوونی پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بەم رێژەیە بۆ دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا. ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دەکاتەوە کە ژمارەیەک بڕیاریان لە ساڵی 2024 دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
 
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وردەکاریی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا دەخاتەڕوو. بڕیارە کۆنووسی هاوبەشی نێوان هەردوولا کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2025 واژۆ کراوە، پەسند بکرێت.
 
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییان و گیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق، ئەوەش بە پشت بەستن بە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2025.
 
بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەبارەت بە "پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان" کە لە چوارچێوەی خەرجیی سەروەری (نفقات الحاكمة) لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت.
 
کارنامەی کۆبوونەوەکە
 
بڕگەی یەکەم:
 
بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 کرا، و بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە فەرمی بە ڕێژەی14.1٪ دەستنیشانکرا، بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرەڕای جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی پێشوەختەی نێوان هەردوولا بە گوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە ژمارەکانی (24852، 24853، 24860)ی ساڵی 2024 کە تا ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە جێبەجێ نەکراوە.
(ئەم بابەتە لەلایەن بەڕێز وەزیری پلاندانان دەخرێتەڕوو بۆ ئەنجومەن).
 
بڕگەی دووەم:
 
پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق لە ڕێکەوتی 27-11-2025 کە لە نێوان هەردوولا ئیمزاکرا لەبەر ڕۆشنایی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5423) لە 12-11-2024 تایبەت بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای ناوبراو پشت بەست بە ماددەی (132)ی دەستوور و یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمـواری دووەمی یاسای زیندانیانی سیاسیی فیدراڵی ژمارە (4)ی ساڵی 2006.
(ئەم بابەتە لەلایەن بەڕێز وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەڕێز سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو بۆ ئەنجومەن).
 
بڕگەی سێیەم:
 
بڕیاردان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تایبەت بە پارەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت لە چوارچێوەی خەرجی (النفقات الحاكمة)، و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004 - 2022).
(ئەم بابەتە لەلایەن بەڕێز وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەخرێتەڕوو بۆ ئەنجومەن).

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی

سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە؛ "بەغدا چاوەڕێی کورد ناکات"

بڕیارە سبەی چوارشەممە، 12-02-2026، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بچێتە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، یەکلایی کردنەوەی بەربژێرێکی کوردە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.