رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی چوارشەممە، 12-02-2026، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بچێتە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، یەکلایی کردنەوەی بەربژێرێکی کوردە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سبەی چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە یاوەریی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پیرمام دەکەن و لەوێ لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازییان لێبکرێت و کۆببنەوە.
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی زانیارییەکانی رووداوی پشتڕاستکردنەوە و رایگەیاند، بەیانی کۆدەبنەوە.
تەواوکەری کۆبوونەوەی پێشووە لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار
هەفتەی رابردوو، بافڵ تاڵەبانی سەردانی پیرمامی کردبوو و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببووەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی سبەی، تەواوکەری کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردوو دەبێت لەبارەی یەکلایی کردنەوەی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
جیاوازیی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار لەسەر چییە؟
لە ساڵی 2005ـەوە و لە یەکەم خولی پەرلەمانی عێراقی نوێ (عێراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعس)، بە گوێرەی لێکتێگەیشتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە پشکی کوردە، دراوە بە یەکێتی و پێنج خولە سەرۆککۆمار لەو حیزبەیە.
بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پۆستەکە پشکی کوردە نەک حیزبێک، بۆیە دەبێ بە سازانی نێوان لایەنەکان کەسێک بەربژێر بکرێت.
سەرچاوەیەک لە کۆمێتەی ناوەندیی پارتی بە رووداوی گوت: "پارتی پێیوایە سەرۆککۆمار کارایی جارانی نەماوە و دەبێ کارا بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە دەستوورییەکان، بۆیە نابێ بەربژێر لە تەنیا حیزبێکەوە دیاری بکرێت."
بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نایەوێ ئەو "عورفە سیاسییە" تێکبچێت و سەرۆککۆمار لەخۆی نەبێت.
شیعە چاوەڕێی کورد ناکات
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان [لایەنە عێراقییەکان] لەسەر کورد ناوەستن و چاوەڕێی ئەوە ناکەن رێکبکەون یان نا، دانیشتنی داهاتوو دەچنە ناو هۆڵی پەرلەمان و رێژەی یاسایی تەواو دەکەن و دەنگ بە بەرژێرێک دەدەن.
هاوکات، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی چوارشەممە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنیدا ئەگەر چوارشەممە پارتی و یەکێتی رێکبکەون، پەرلەمان پێنجشەممە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ