کوردستان
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکانی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا ناوی هیچ هاوپەیمانێتییەک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار نەکراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، 29 بەربژێری سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-03-2024 فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "14ی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانێتییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان."
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی گوتی، پێشکێشکردنی لیستی بەربژێری لایەنە سیاسی و هاوپەیمانێتییەکان 13ی مانگ دەستپێدەکات و تاوەکو 22ی مانگ بەردەوام دەبێت.
وەک بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، بەربژێری سەربەخۆ دەبێت یەک ملیۆن دینار بدات؛ هاوپەیمانێتییەکانیش 10 ملیۆن دینار و بەربژێری لایەنە سیاسیەکانیش پێنج ملیۆن دینار.
فەرهاد ئەسعەد جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بەربژێران هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بن کە خۆیانی تێدا بەربژێر دەکەن، "واتە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سنووری مادەی 140 هیچ کەس ناتوانێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی بەربژێر بکات؛ هەروەها دەبێت بەربژێر رۆژی دەنگدان تەمەنی گەیشتبێتە 25 ساڵ."
لەبارەی رێکارەکانی تایبەت بە بەربژێرانیش گوتی، "نابێت ئەو کەسەی خۆی بەربژێر دەکات، سزادراو بێت لەسەر تاوانی کوشتنی بەمەبەست، دزی و گەندەڵی، بەدڕەوشتی، بەشداربوون لە تاوانی سەرکوتکەرانەی رژێمی پێشوو (بەعس) کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرابێت."
"تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک تۆمار نەکراوە"
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، 14ی ئەم مانگە دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانێتییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی گوتی، ''تاوەکو ئێستا بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی، تەنیا پەیوەندیمان پێوە کراوە و ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام هیچ لایەنێک بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکە سەردانی نەکردووین."
بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 29 بەربژێری سەربەخۆ ناویان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
فەرهاد ئەسعەد گوتیشی، ئەو بەربژێرانەی ناویان تۆمار کراوە، سەرجەم مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تێدا بووە و تاوەکو ئێستا هیچ کەس لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رەتنەکراوەتەوە."
3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و رایگەیاند، لە 5 بۆ 14ی ئادار حیزب و هاوپەیمانێتیەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
لە خولی پێشوودا؛ پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون. لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد و کورسیی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی دانا، پەرلەمان 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ