رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 10ی حوزەیران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە 57 هەزار دەنگدەری نوێی لەدایکبووی 2006 لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە. زۆرینەیان لە دهۆکن، پاشان هەولێر و سلێمانی.
لە 1ی شوباتەوە، تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و بەگوێرەی کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆمارکردنە و درێژناکرێتەوە.
کۆمیسیۆن لە هەولێر: نزیکەی 15 هەزار دەنگدەری 18 ساڵ لە بایۆمەتری تۆمار کراون
بۆتان شێرکۆ، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 55 هەزار کەس مامەڵەی بایۆمەترییان بۆ کراوە کە پێشتر یان بایۆمەترییان نەکردووە؛ یانیش بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن." گوتیشی، "لەو ژمارەیە نزیکەی 15 هەزاریان لەدایکبووی ساڵی 2006ن و یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە."
بۆتان جاف گوتی، ئاماری وردیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لەنێوان 80 بۆ 85%ی هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای هەولێر لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون و دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمسیۆنی دهۆک: 100 هەزار دەنگدەری نوێ تۆمار کراون
ژمارەی تۆماری نوێی بایۆمەتری لە دهۆک زیاترە لە هەولێر. خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ 84%ی سنووری دهۆک لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار کراون."
خالید عەباس ئاماژەی بەوەش کرد، لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 100 هەزار گەنجی لەدایکبووی ساڵەکانی 2004، 2005 و 2006 بایۆمەترییان کردووە و دەتوانن دەنگ بدەن. گوتیشی، "لەو ژمارەیە نزیکەی 30 هەزاریان لەدایکبووانی ساڵی 2006ن."
بەرپرسێک لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 1ی شوباتەوە تاوەکو دوێنێ، 31 هەزار و 705 کەس لە سیستمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار کردووە."
بەگوێرەی داتای لقی سلێمانی کۆمیسیۆن بۆ رووداو، لە سنوورەکە ئەوانەی لەدایکبووی ساڵی 2006ن و بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن و لە بایۆمەتری تۆمار کراون، ژمارەیان 11 هەزار و 995 گەنجی کوڕ و کچن.
کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ تۆماری بایۆمەتری کۆتایی دێت
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆمارکردنی دەنگدەران و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەترییە. لەگەڵ تەواوبوونی کاژێرەکانی کارکردن، وادەی تۆمارکردنیش کۆتایی دێت."
تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانییەکان بەردەوامە
3ـی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و رایگەیاند، لە 5 بۆ 14ی ئادار حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 29 بەربژێری سەربەخۆ و 7 لایەنی سیاسیی ناویان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە، بەڵام بەفەرمی هیچ هاوپەیمانییەک تۆمار نەکراوە.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان سێ جۆر بەربژێرکردن تۆمار دەکرێت کە بریتین لە حیزب، هاوپەیمانی یان بەربژێری سەربەخۆ.
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوایین رۆژ 14ی ئادارە و هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە نەدراوە.
مەرجی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و بەربژێرەکان
بەگوێرەی رێکارەکان، هاوپەیمانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات و نابێت پارتێک لە بازنەیەکی دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانیێتی و وەک پارتیش بەشدار بێت.
دەبێت بەربژێر 25 ساڵی تەواو کردبێت و بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزا نەدرابێت. هەر هاوپەیمانیێتییەکیش کە پێشتر تۆمارکراوە و بیەوێت ناوەکەی بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات.
دوو حیزبی سیاسی یان زیاتر دەتوانن هاوپەیمانیێتی پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام نابێت پارتێکی بەشداربوو لە هاوپەیمانیێتییەکەش لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن بە جیا و لەدەرەوەی هاوپەیمانیێتییەکە بەشداری بکات.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، ئەو کەسەی خۆی بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکات، دەبێت رۆژی دەنگدان تەمەنی گەیشتبێتە 25 ساڵ؛ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی کردبێت، هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت، کە خۆی تێدا بەربژێر دەکات.
لە رێکارەکانی تایبەت بە بەربژێراندا هاتووە، "نابێت سزادراو بێت لەسەر تاوانی کوشتنی بەمەبەست، دزی و گەندەڵی، بەدڕەوشتی، بەشدار بوون لە تاوانی سەرکوتکەرانەی رژێمی پێشوو (بەعس) کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرابێت."
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگیی ئێمە بووە. کاتەکە گونجاوە و بێ کێشە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت."
لە خولی پێشوودا؛ پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو، کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:
سلێمانی: 38 کورسی
هەولێر: 34 کورسی
دهۆک: 25 کورسی
هەڵەبجە: 3 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ