رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف 15 خاڵی وەکو "رێنمایی" بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نابێت هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە دامودەزگە فەرمییەکاندا پێشکێش بکرێت. گوتاری دوای نوێژی عەسران بە بڵندگۆی نێو مزگەوتەکە دەبێت و 20 خولەک دەبێت.
نووسراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئەوقافی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان و هەڵەبجە کراوە بۆ پابەندبوون پێیەوە.
رێنماییەکان بەمشێوەیەی خوارەوەن:
- پێویستە چێشتخانە، کافتریا، دووکان و بازاڕەکان رەچاوی رێزی ئەم مانگە پیرۆزە بکەن و هەستی رۆژووەوانان بپارێزن.
- لەم مانگە پیرۆزەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە دامودەزگە فەرمییەکاندا پێشکێش ناکرێت.
- پێویستە گشت کەناڵەکانی راگەیاندن، تایبەتمەندی و پیرۆزیی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن، شتێک بڵاونەکەنەوە لەگەڵ گەورەیی و پیرۆزی مانگەکەدا نەگونجێت.
- رێنمایی تایبەت بە مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی لە وەرزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەرچووە، پێویستە هاوکاری جێبەجێکردنی و پراکتیزەکردنی بکرێت.
- هەر مەراسیمێکی تایبەت بەو یادەوە ئەنجام بدرێت لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحییەکان، پێویستە لەژێر چاودێری و وەزارەتی ئەوقاف یان بەڕێوەبەرایەتییەکانیدا بێت.
- سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بەرپرسن لە هەر هەواڵێکی نادروست سەبارەت بە راگەیاندنی یەکەم و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان.
- لەکاتی پێشكێشکردنی بابەتی ئایینیی دەبێت کەسانی پسپۆڕ لەبواری ئایینیی و مامۆستایانی ئایینیی کە بە فەرمی کار دەکەن میوانداری بکرێن.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی لەژێر ناوی "رێنماییە شەرعییەکان"دا کۆمەڵێک رێنمایی دیکەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمانەن:
- دیاریکردنی یەکەم و کۆتا رۆژی رەمەزان تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگ دەبێت.
- پابەندبوونی تەواو بە ئیمساک و خشتەکانی کاتی بانگدان لە سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و دەزگەکانی راگەیاندن.
- گوتارەکانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی رۆژووەوانان، لە 20 خولەک زیاتر نەبێت و تەنیا لەلایەن مامۆستای مزگەوتەکەوە پێشکێش دەکرێت بە بەکارهێنانی مایکرۆفۆنی نێوخۆی مزگەوتەکە؛ مامۆستا تیشک دەخاتە سەر عیبادەت، بابەتی پەروەردەیی و هۆشیاری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرەکان، کارتێکەرە عەقڵییەکان و پێکەوەژیان.
- ماوەی نێوان ئیمساک و بانگدانی بەیانی بەگوێرەی خشتەی ئیمساکی پارێزگاکەوە دەبێت، بەهیچ شێوەیەک نابێت پێچەوانەکەی بێت.
- تەنیا لە 10 شەوی کۆتایی رەمەزاندا دەرگەی مزگەوتەکان کراوە دەبن تاوەکو نوێژی بەیانی، بەمەرجی رەزامەندی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە.
- پابەندیی تەواو بە فەتوای دیاریکردنی نیسابی زەکات و بڕی سەرفیترە و فیدیە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانەوە دیاری دەکرێت.
- دوای بانگدانی خەوتنان (عیشا) لەنێوان 15 بۆ 20 خولەک دواتر نوێژ ئەنجام بدرێت، لەبەر بارودۆخی رۆژووەوانان؛ کاتی گونجاو رەچاو بکرێت لە رووی درێژی و کورتی تەراویح لەسەر بنەمای شەرعی ئیسلام.
- بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف و چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ