راکان جبووری بڕیارێکى خۆی بۆ سڕینەوەى ناوهێنانى 'ئاوارە' هەڵدەوەشێنێتەوە

10-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت بڕیارێکى خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە بۆ ئەوەى ئەو کەسانەى نیشتەجێى ئەو شارەن و ناویان وەک ئاوارە یان کۆچپێکراو هاتووە، لە فەرمانگە فەرمییەکاندا ئەو ناوهێنانەیان بسڕدرێتەوە. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکیش دەڵێت، بەهۆى هەبوونی تێبینى، بڕیارەکە هەڵوەشێندراوەتەوە. 
 
راکان جبوورى ئەو نووسراوەى لە 5ى ئادار دەرکردبوو کە ئاراستەى رێکخراوە نێودوڵەتییەکان، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پەروەردەى کەرکووک و نووسینگەى کۆچ و کۆچبەرانى ئەو شارەى کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "بە پشتبەستن بە فەرمانێکى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى وەزیران و لە چوارچێوەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان، بڕیاردراوە بەوەى ئەو کەسەى دانیشتووى کەرکووک و قەزاو ناحیەکانى بێت و لە هاووڵاتییانى کەرکووک بێت و بەڵگەنامەى فەرمی دامەزراوەکانى شارەکەى هەبێت، بە ئاوارە یان کۆچپێکراو هەژمار نەکرێت و ئەو ناونیشانەشیان لە فەرمانگەکانى دەوڵەت و رێکخراوە نێودەوڵەوتییەکان بسڕدرێتەوە." 
 
ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە لیستی یەکێتی رۆژی یەکشەممە، 10-3-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەگوێرەى دوایین ئامار، 92 هەزار و 640 ئاوارە لە کەرکووکن، کە خەڵکى شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقن و ئەو بڕیارەى راکان جبوورى ئاماژەى بە ژمارەى بڕیارى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران نەکردبوو، بۆیە ناڕەزایی لێکەوتەوە."
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، "پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت پێى راگەیاندین کە بەهۆى زۆریی تێبینى لەسەر ئەو نووسراوە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى داوە و رۆژى دووشەمە بڕیارى هڵوەشاندنەوەکەى دەردەکات."
 
بەشێک لە دانیشتووانى کەرکووک لەو عەرەبە هاوردانەن کە لە سەردەمى دەسەڵاتى رژێمى بەعس بۆ تەعریبکردن گوێزراونەوەتە کەرکووک، بەشێکى دیکەیان بە هۆکارى جیا لە دواى ساڵى 2003 لە شارەکانى دیکەى عێراقەوە چوونەتە کەرکووک و نیشتەجێ بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.