رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سلێمانی دەڵێت، لە مانگی رەمەزاندا بە چڕی چاودێریی بازاڕ دەکەن، ئاماژە بەوەش دەکات، لیژنەیەکی تایبەتیش بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی پەیوەست بە مانگی رەمەزان و هەڵسەنگاندنی نرخ و کوالێتیی کاڵاکان پێکدەهێنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-03-2024، ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئامادەکارییەکانی مانگی رەمەزان رایگەیاند، ''بەپێی رێنمایی وەزارەتی ئەوقاف، لە سبەیەوە بۆ جێبەجێکردنی کۆی رێکارەکانی پەیوەست بە مانگی رەمەزان، لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەری قایمقامییەت، پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی پێکدەهێنین''.
ئاوات محەممەد گوتی، بە درێژایی مانگی رەمەزان، لیژنەکە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان دەکات و بە وردی چاودێریی دۆخی بازاڕ دەکەن، گوتیشی، ''لە رووی کوالێتیی و نرخەوە، بەدواداچوون بۆ سەرجەم کاڵا و پێداویستییەکانی نێو بازاڕ دەکرێت.
قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ''لیستی نرخی سەرجەم کاڵاکانمان لە چاودێریی بازرگانیی سلێمانی وەرگرتووە و رۆژانە نرخەکان بەراورد دەکرێن بە نرخی رۆژی رابردوو، مانگی رابردوو یاخود ساڵی رابردوو و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین.''
ئاوات محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژانی رەمەزاندا هێزە ئەمنییەکانیش زیاتر لە نێو شار و بازاڕدا ئامادە دەبن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ئەمنیی شار بن و دۆخی ئەمنیی هاووڵاتییان زیاتر بپارێزن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە مانگ بیندراوە، بۆیە رۆژی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزە.
پێشتر، سعودیە و دیوانی وەقفی سوننەش لە عێراق دووشەممەیان وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.
موسڵمانان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان پشت بە بینینی مانگ دەبەستن و لە 29ـیەمین رۆژی مانگی شەعبان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ