رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی دووشەممە لە پارکی پێشمەرگە لە هەولێر، فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان دەستپێدەکات و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەردەوام دەبێت.
نوورا بیلال، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو دا گوتی، فێستیڤاڵەکە تاوەکو 31ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 17:00 دەستپێدەکات.
لەو فێستیڤاڵەدا 45 کۆمپانیا و دووکان بەشدارن، زۆربەیان ناوخۆیین، هەروەها ژمارەیەک کۆمپانیای بیانیش لە لوبنان و سووریاوە بەشدارن.
بەرهەمەکانی ئەو فێستیڤاڵە، خواردن، کەلوپەلی نێوماڵ، خزمەتگوزاریی مۆبایل و ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت.
لەبارەی چالاکییەکانی نێو فێستیڤاڵەکە، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزان دەڵێت، کەشێکی خێزانییان ئامادە کردووە کە بابەتی ئایینی و نیشتمانی لەخۆ دەگرێت هەروەها بۆ نەورۆزیش پلانی تایبەتیان هەیە.
ئەو کەسانەی سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن، دەتوانن دیارییەک بەدەست بهێنن کە رۆژانە پێشکێش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ