رووداو دیجیتاڵ
گوڵسەحەر رۆژانە دوو جار گیا لە گالیسکە باردەکات. لە کوێستانەوە 35 کیلۆمەتر دەبڕێت و بۆ مەڕوماڵات رۆی دەکات.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، گوندەواری ناوچەی ڤارتۆیە لە مووشی باکووری کوردستان.
گوڵسەحەر دەمیر، ئاژەڵدارە و دەڵێت: "ژیانمان بەمشێوەیە، ماوەی شەش مانگ بەفرە و بەرەنگاری بەفر دەبینەوە، بەڵام دیسانیشەوە دڵخۆشین. کاتێک ئاژەڵەکان دەبینین، بە هەوەسەوە کاردەکەین. چونکە ئەمە کاری ئێمەیە و داهاتووی ئێمەیە".
ژنانی ئەم ناوچەیە شان بە شانی پیاوان کاردەکەن. هاوکات لە کاری ناوماڵیشدا هیچ کەموکوڕییەکیان نییە.
گوڵسەحەر دەڵێت: "هاوکاریی هاوژینەکەم دەکەم و کارەکانی خۆشم رادەپەڕێنم. بەیانیان لە کاژێر شەشەوە هەڵدەستین. سۆبا دادەگیرسێنم و خواردن ئامادە دەکەم، پاک دەکەمەوە و نان دروست دەکەم. لەگەڵ هاوژینەکەم مەڕوماڵات دەلەوەڕێنین و بەرخەکان تێر شیر دەکەین".
خۆشەویستیی بەرخۆلەکان، جۆرە هێز و توانایەکی دیکە بە ژنان دەدات. رەوشەن دەمیر دەڵێت، بەرخۆلەکان ماندووێتییان لەبیر دەبەنەوە. رەوشەن و هاوژینەکەی 150 سەر مەڕیان هەیە کە تاکە سەرچاوی بژێوییانە.
رەوشەن دەڵێت: "ئێمە لێرە لەگەڵ هاوژینەکەم دەست لە ناو دەست تێدەکۆشین. بەڵام لەم تێکۆشانە بەگشتی زۆربەی بارەکە لەسەر شانی ژنانە".
ئاژەڵداری لە زستانێکی وەها سەختدا کە لە هەندێک شوێن زیاتر لە مەترێک بەفر کەڵەکە بووە، سەختە. هەر بۆیە لەم دەڤەرەی مووش کە کوردی زازای لێ نیشتەجێن، ژنان دروشمی ئازایەتی و توانان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ