موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی: ناچینە ژێر باری گرێبەستی حکومەتەوە

10-03-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، بە گرێبەستەکەی پرۆژەی رووناکی رازی نین و داوا دەكەن بۆ هەر ئەمپێرێک دوو هەزار دیناریان پێ بدرێت؛ "ئامادەنین لە كاتی پچڕانی كارەبادا موەلیدەكانمان ئیش پێ بكەین".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی 3ی 2025، عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەی رووناکی گرێبەستێکیان یەکلایەنە ئامادە کردووە و ئێمەیش بەو گرێبەستە رازی نین".
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، گرێبەستەکەی تیمی پرۆژەی رووناکی داوای لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان كردووە كە تاوەکو ماوەی شەش مانگ نابێت موەلیدەكان لاببرێن و لە ئامادەباشیدا بن.
 
لەبارەی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانەوە، عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی روونیکردەوە، "تیمی پڕۆژەکە داوایان کردووە بۆ هەر کاژێرێک 40 دینارمان پێبدرێت، بەڵام ئێمە داوامان کردووە بکرێتە ئەمپێر و ئەمپێری بە 2 هەزار دینار حیساب بکرێت".
 
هاوکات داواكارییەكەی تیمی پرۆژەی رووناكی بۆ ئەوەیە، هەر كاتێک كارەبای پرۆژەكە بڕا و كێشەی تەكنیكی هەبوو ئەوا مۆلیدەكان ئیش بكەن و كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن، بەڵام خاوەن موەلیدەکان قایل نین.
 
عوسمان محەممەد، گوتی: "ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن، ئێمە ئامادە نین بچینە ژێر باری هیچ گرێبەستێکی تیمی رووناکی. خاوەن موەلیدەکان کۆمەڵێک خەرجییان هەیە لەوانە کارەباچی، ئیشپێکەر، پارەکۆکەرەوە، گاز و رۆن و تاد... هیچ حیسابێکیان بۆ نەکراوە. ئەمانە چۆن دابین بکرێت؟".
 
موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ژمارەیان 570 موەلیدەیە. سەرۆکی کۆمەڵەکە لەبارەی داواکارییەکانیانەوە گوتی: "داوا دەکەین ئەمپێری دوو هەزار دینارمان پێ بدەن؛ باج و رسوماتمان لەسەر لابدەن؛ تاوەکو دوو ساڵی دیکە گرێبەستمان بۆ نوێبکەنەوە؛ حەوت موەلیدەشمان لە بازاڕ هەیە کرێیە و کرێیەکانیان بۆ حیساب بکەن".
 
کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی "پڕۆژەی رووناکی"دایە، کە 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە