کوردستان
کۆبوونەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سهرۆكی بهشی سیاسی له كۆنسوڵخانهی گشتیی ئهمریكا له هەولێر
رووداو-هەولێر
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "هەرکاتێک بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکرێت، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، دەبێت بەرنامەی کاری دانیشتن بریتی بێت لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە لەلایەن ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانەوە پێشکێشکراون، بە تایبەتی پێشنیازە یاساکانی هەمواری یاسای هەلبژاردن بۆ ئەوەی رێڕەوی پەیڕەوی و یاسایی پەرلەمانی وەربگرێت".
ئهمڕۆ یهكشهممه 10-04-2022، د.هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیکرد لە سپێنسهر فیلدس، سهرۆكی بهشی سیاسی له كۆنسوڵخانهی گشتیی ئهمریكا له ههرێمی كوردستان. د.هێمن هەورامی رایگەیاند، له دیدارێكدا دوایین پێشهاته سیاسی و ئهمنییهكانی ههرێمی كوردستان و عێراق و پرسی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان باسكران.
د.هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانەوە دەڵێت، "جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە ئامادەین هەرکاتێک بانگهێشتی ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان بکرێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت بەرنامەی کاری دانیشتن بریتی بێت لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم ئەو پێشنیازە یاسایانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکێشکراون، بە تایبەتی پێشنیازە یاساکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی رێڕەوی پەیڕەوی و یاسایی پەرلەمانی وەربگرێت، هەروەها کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، پڕکردنەوەی جێگەی دوو کۆمیسیار، سەرجەم ئەوبابەت و یاداشت و راپۆرتانەی پەیوەستن بە دۆخی دارایی و کاری پەرلەمانی".
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکردووە، جەختمان لەوەکردەوە کە دەبێت ماف و نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان پارێزراو بن و خواستی پێکهاتەکان لە فراکسیۆنە جیاجیاکانیان لە پەرلەمان و دامەزراوە سیاسی، ئایینی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەبژێری پێکهاتەکان و جەماوەرەکەیان لەسەر شێوە و جۆر و کورسیەکانیان لە لایەن خۆیانەوە بڕیاری لێبدرێت و هیچ حیزب و لایەن و فراکسیۆنێکی دیکە شێوەیەکی دیاریکراو لە دەرەوەی خواستی پێکهاتەکان بەسەردا نەسپێنێت و داوامان کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێر و هاوکاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بن.
پێنج لایەن داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و گرفتە سەرەکییەکەش هەر ئەوەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری دەڵێن، دەبێت یەک بازنەی هەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنە و دەستکاریی پێکهاتەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش بکرێت. لە وەڵامی رێکنەکەوتنی پارتی و ئەو لایەنانە، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی سەرۆکی فراکسیۆنەکان، نابێت پارتی باسی زۆرینە و کەمینە بکات، چونکە هەڵبژاردن پرسێکە، رەهەندی نیشتمانیی هەیە.
رۆژی 5.4.2022 فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەشڵێت، "ئێمە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان ناکەین بۆ بەستنی کۆبوونەوەکان، بەڵکو هۆشداریی پێدەدەین".
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە پێنج کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان کە دانوستاندنیان کردووە، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیانوابووە کە نابێت کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردن دروستبکرێتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، ئەوان لەگەڵ ئەو بژارەیەن کە کۆمیسیۆن وەکو خۆی کارابکرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "بەداخەوە، بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی 13-03-2022 لایەنگیریی تەواوی تەنیا هێزێکی سیاسیی لەنێو پەرلەمانی کوردستان کرد، وەکو ئەوەی بیری چووبێت بە دەنگی زۆرینەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانمان بووەتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە مومارەسەنەکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیاریکردنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، لەوەی پەرلەمان پەکبخرێت بە بیانووی ئەوەی کە هێزەکەی ئەو داوایەکی هەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بیانوویەکە لە دەرەوەی پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستان و یاسا بەرکارەکانە لە هەرێمی کوردستان".
لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پارتی هەر بڕیارێک بدات دەبێت دەرئەنجامەکەشی لەئەستۆ بگرێت، "سیستمی یەک بازنەیی قۆناخەکەی بەسەرچووە، دەبێت هەرێمی کوردستان دابەشی چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بکرێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکرێتەوە، ئێمە ئومێدەوارین پارتی تەفاهومی بۆ ئەم پرسە هەبێت، ئەگەر نەیبێت، دەبێت تەحەمولی لێکەوتەکانی بکات".
بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بە خۆشحاڵییەوە فراکسیۆنی پارتی واژۆی لەسەر ئەو بەڵگەنامەیە کردووە کە بە هیچ شێوازێک پەنا بۆ زۆرینە نەبرێت تاوەکو بتوانین بە لێکتێگەیشتن و سازان پرسەکان یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر پارتی تاکلایەنە دەست بۆ ئەمە ببات، ئەوا قەیرانێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات".
لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومی سەرۆکایەتی 1ی تشرینی یەکەمی 2022ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە، بەڵام ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان و کارانەکردنەوەی کۆمیسیۆن وایانکردووە، ئەگەر رێکیشبکەون، کۆمیسیۆن بەهۆی پێویستیی بە لانیکەم شەش مانگ دەرفەت، نەتوانێت لە کاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ