رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان رایگەیاند، نزیکەی مانگێکی دیکە وەرزی دروێنەی گەنم لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگاکە دەستپێدەکات و پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ گەنمی پارێزگای کرماشان بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، عەلی چالەچالە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان رایگەیاند، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهار، لە ناوەڕاستی مانگی دووەمی بەهاردا لە ناوچە گەرمەکانی پارێزگاکە دروێنەکردنی گەنم دەستپێدەکات و ئەم پرۆسەیە دواتر لە ناوچە سارد و شاخاوییەکانی پارێزگاکە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول بەردەوام دەبێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان، ئەم ساڵ لەسەر رووبەری 445 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە گەنم چێندراوە، کە 105 هەزار هێکتار لەو زەوییانە بەراون و ئەوانەی دیکە دێمن. گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵیش کۆی بەرهەمی گەنم لە پارێزگای کرماشان بگاتە سەرووی یەک ملیۆن تۆن و ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکەین."
عەلی چالەچالە دەڵێت، تاوەکو ئێستا 67 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، لە سنووری پارێزگای کرماشان ئامادەکراون و لە وەرزی دروێنەدا دەکرێنەوە.
حکومەتی ئێران ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 20 هەزار و 500 تمەن لە جووتیاران دەکڕێت. پار یەک کیلۆ گەنم بە 18 هەزار و 500 تمەن لە جووتیاران کڕدرا.
پار بەرهەمی گەنم لە پارێزگای کرماشان گەیشتە یەک ملیۆن و 85 هەزار تۆن و لەو بڕەش زیاتر لە 825 هەزار تۆن گەنم لە لایەن حکومەتەوە لە جووتیاران وەرگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ