مونا قەهوەچی: داوا دەکەین لە پەرلەمانی عێراقیش کورسی کۆتامان پێ بدرێت

10-05-2024
هێمن عەساف
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و سکرتێری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و سکرتێری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان گەشبینە بەو سکاڵایەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵی پێشکێشی کردووە، پێیوایە کورسیی کۆتاکان دەگەڕێتەوە، هەروەها داوا دەکات لە پەرلەمانی عێراقیش کورسییان پێ بدرێت.
 
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان و سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان شەوی پێنجشەممە (9ـی ئایاری 2024) میوانی بەرنامی رووداوی ئەمڕۆ بوو. رایگەیاند گەشبینە بەو سکاڵایەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و نەمانی کورسی کۆتا پێشکەش کراوە و گوتی: "سکاڵاکە لە کاتێکی گونجاودا کرا بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بەیەکریزی و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد هەبوو."
 
سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی راگرتنی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیار بوو لە 10ی حوزەریرانی ئەمساڵ بکرێت.
 
مونا قەهوەچی دەڵێت: "ئەم سکاڵایە راستییەکان بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئاشکرا دەکات کە دادگەی فیدراڵییە و لەسەر بنەمای ئەم سکاڵایە، دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەرکرد.
 
باس لەوە دەکرێت، ئەگەر کورسیی کۆتا بگەڕێتەوە بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دابەش دەکرێن. جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان دەڵێت: "تاوەکو ئێستا نازاندرێت لە ئەگەری گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکاندا ژمارەکە چەند دەبێت هیچ شتێک روون نییە. چاومان لەوەیە کورسییەکانمان بۆ بگەڕێتەوە و لە یەک بازنە بێت، نەک چوار بازنە." 
 
مونا قەهوەچی پێداگرە لەوەی کە پێنج کورسی کۆتا بۆ تورکمان بە یاسا پێیاندراوە و دەشڵێت: "هەوڵمان دەدا لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی کوردستاندا ژمارەی کورسییەکانی تورکمان زیاتر بێت نەک کەمتر. ژمارەی تورکمان رۆژ لە دوای رۆژ  لە زیادبوونە. هەرچەندە ئامارێکی وردمان نییە و ناتوانم بەبێ بەڵگەیەکی دروست باس لە ژمارە بکەم. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین تورکمان لە هەولێر دەژین. پێنج کورسی کۆتا مافی خۆمانە. ناکرێ بەبێ پێکهاتەکان هەڵبژاردن بکرێت. گەشبینین بە سکاڵاکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
 
سەبارەت بەوەی بۆچی بەبێ کۆتا بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ناکەن، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان گوتی: "بۆیە پێداگرین لەسەر سیستمی کۆتا، چونکە بەدەر لە ئیرادە و خواستی ئێمە ئەم مافەمان لێ زەوتکرا.".
 
قەهوەچی گلەیی لە ئاستی کەمی نوێنەرایەتیی تورکمان دەکات و دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا تورکمان بەشدارییەکی کارایان پێنەکراوە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. ناکرێت تورکمان بە یەک وەزیر و پێنج پەرلەمان نوێنەرایەتی بکرێت. ئەگەر ئەم دەسەڵاتانەمان پێبدرایە ئەوکات بەبێ کۆتا بەشداریمان لە هەڵبژاردنەکان دەکرد. 
 
قەهوەچی بە مافی تورکمانەکانی دەزانێت لە عێراقیش کورسی کۆتایان هەبێت و دەڵێت: "دوای چارەکردنی کێشەی کۆتای تورکمان لە هەرێمی کوردستان، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کورسی کۆتا بۆ تورکمانیش دیاری بکات. چەندین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کراوە، هیچ نوێنەرێکی تورکمان لە هەرێمی کوردستان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێناوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق."  
 
سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، سکرتێری پێشووی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هیچ کاتێک دەرگامان بەڕووی هیچ لایەنێک دانەخستووە، هەمیشە دەرگامان لەسەر پشت کردووەتەوە. پارتەکەمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق چالاکە. بەڵام یەکێتی داوای کۆبوونەوەی نەکردووە، بە پێچەوانەوە لە سەرجەم بۆنە و رێوڕەسمەکاندا تۆمەت دەخەنە پاڵ تورکمان. 
 
لەبارەی ئەوەی کە دەڵێن مونا نوێنەرایەتی پارتی دەکات، ئەو گوتی: "بەشانازییەوە هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانم بەهۆی ئەوەی رێز لە پێکهاتەکەم دەگرن. ئەگەر هەنگاوەکانی مونا قەهوەچی بۆ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، پاڵپشتیکردنی مافی پێشمەرگە و پیرۆزییەکانی هەرێمی کوردستان بە پاشکۆ بوون دەزانن، هیچ کێشەم نییە چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکەن." 
 
تۆمەتەکانی یەکێتیش بەبێ بنەما دەزانێت و دەشڵێت بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتە: "با ئەو لایەنەی هەڕەشەیە بۆ سەر پێکهاتەکان (یەکێتیی) بەڵگەیان هەیە 11 کورسیی کۆتاکان تەنیا بۆ بەرژەوەندی پارتی کاردەکەن با بەڵگەکانیان بخەنەڕوو. هەموو چەواشەکارییە و تەنیا بۆ رازیکردنی جەماوەر و کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتە. بەڵام پارتی هیچ هەنگاوێکی لە دژی پێکهاتەی تورکمان نەناوە تاوەکو ئێمەش دژایەتی بکەین. لەسەر هیچ خاڵێکیش ناکۆکیمان نەبووە."  
 
دەشڵێت: "خۆم لە هەموو کەسێک بە دڵسۆزتر دەزانم بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی بەشێک لە حیزبەکان کار بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەکەن. لە 2014ـەوە بودجەی حیزبەکەمان راگیراوە و خۆمان حیزبەکەمان بەڕێوەدەبەین و کەس پارەی پێنەداوین."  
 
مونا قەهوەچی لەبارەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "گەردەنی رێواز خان ئازابێت لە هەر شوێنێک بۆی هەیە باسم بکات. ئەگەر لە بەرامبەرم قسە بکات، وەڵامی دەدەمەوە بەڵام لە پاشملە وەڵامی نادەمەوە. لەگەڵ رێواز خان و هێمن هەورامی هیچ کات کێشەمان نەبووە. ئەو قسانەی رێواز خان دەیکات قسەی دڵی خۆی نییە، سیاسەتی حیزبەکەیەتی. سەرۆکێک بوو زۆر پیشەییانە کاری دەکرد، بەڵام گوشاری زۆری لەسەر بوو بەتایبەتی لەلایەن فراکسیۆنی حیزبەکەی."  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی

سەرۆک بارزانی: بە گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران زۆر خەمگین بووم

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەت و کەسوکاری سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.